ئاب 02, 2020 10:29 Asia/Tehran
  • پیرەپیاوێکی ئیتاڵی لە تەمەنی 96 ساڵیدا بڕوانامەی زانکۆی بەدەستهێنا

پیرەمێردێکی ئیتالی لە تەمەنی 96 ساڵیدا، دوای ڕزگاربوونی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو و فەلسەفە بەدەستهێنا.

 

جۆزێپی باتێرنۆ کارمەندێکی هێڵی ئاسنییە و لە خێزانێکی هەژار لە سیسیلی لەدایکبووە، سەرەڕای حەز و ئارەزووی بۆ خوێندن، بەڵام نەیتوانیووە لە گەنجیدا بخوێنێت.لە تەمەنی 20 ساڵی و لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا، خزمەتی سەربازی لە هێزی دەریایی ئیتالیدا کردووە، دواتریش بووە کارمەند لە هێڵی ئاسنی.

باتێرنۆ لە ژیانیدا ڕووبەڕووی چەندین تاقیکردنەوە و سەختی بووەتەوە، لەوانەش هەژاری و جەنگ، بەم دواییانەشدا لە تاقیکردنەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا دەرچوو.

باتێرنۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتبوو، "بە خۆمم دەوت یان ئێستا یان هیچ کات، ئیدی لە ساڵی 2017ـدا ناوی خۆمم لە زانکۆ تۆمارکرد.

تێگەیشتبووم کە زۆر درەنگە بۆ من بڕوانامەیەکی سێساڵەیی بەدەستبهێنم، بەڵام بە خۆمم دەوت دەی بزانین دەتوانم".دوای سێ ساڵ لە خوێندن، خوێنکارە بەتەمەنەکەی ئیتالیا توانی لە ڕۆژی 29ی تەمموز، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو و فەلسەفە لە زانکۆی پالێرمۆ بەدەستبهێنێت و ببێت بە پیرترین خوێندکار کە بڕوانامەی زانکۆی بەدەستهێنابێت.

دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی، وتبووی، "من کەسێکی ئاساییم، وەک هەموو ئەوانی دیکە، لەڕووی تەمەنەوە هەمووانم تێپەڕاندووە، بەڵام بەهۆی ئارەزووکردنمەوە خوێندنەکەمم تەواو کرد".باتێرنۆ دەڵێت، "زانین جانتایەکە لەگەڵ خۆمدا هەڵیدەگرم، وەک گەنجینەیەک وایە".

سەرپەیڤ