ئاب 09, 2020 03:58 Asia/Tehran
  • ناڕەزامەندی دەربڕینی ئێران بەرامبەر بە پشتگریی ئەمریکا لە تاقمی تیرۆریستی «توندەر»

نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەک دا بۆ سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە ئەوپەڕی ناڕەزامەندیی خۆی لە مەڕ پشتگریی ئەمریکا لە تاقمی تیرۆریستی «توندەر» ڕاگەیاندو واشێنگتۆنی بە بەرپرسی تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم تاقمە لە ئێراندا زانی.

ئێران لە نامەیەک دا کە لەم دواییەدا بە ھۆی «مەجید تەخت ڕەوانچی»  نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لای ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاراستە کرا، بەرامبەر بە پشتگریی ئەمریکا لە تاقمی تیرۆریستی «توندەر» ناڕەزامەندی دەربڕی و داوای ھەڵوێست وەرگرتنی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئەمریکای کرد.

لەم نامەیەدا وێرای ئاماژەکران بە ھێزشە تیرۆریستییەکانی ئەم تاقمە لە ئێران و شەھید کرانی کۆمەڵێک لە شارومەندان و دان پیادانانی ئاشکرای تاقمەکە بە تێوەگلانی بەو تاوانانە، باسی ئەوە کراوە کە ئەم تاقمە تیرۆریستییە ھەروا بەردەوامە لە سەر چالاکییەکانی لە ئەمریکاو تەنانەت مەشقکردن و ڕاھێنان بۆ ئەنجام دانی کاری تیرۆریستی و تێکدەرانە لە ئێراندا.

«تەخت ڕەوانچی» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم تاقمە گەلێک جار لە ڕێگای نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە تاراندا بە ئاگاداریی ئەو وڵاتە گەیەندراوە، وتیشی: ھەتا ئێستا ئەمریکا ھیچ ھەنگاوێکی لەمەڕ پێشگرتن بە چالاکیی ئەندامانی ئەو تاقمەو یان ڕادەستکردنەوەیان بۆ دادگایی کردن لە ئێراندا ھەڵنەگرتووە.

نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم نامەیەدا کە وەک بەڵگەنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشت و کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو دەبێتەوە،داوای لەم ڕێکخراوەیە کردووە کە ئەمریکا پێملی وازھێنان لە داکۆکیکردنی تاقمە تیرۆریستییەکان بکات.

«جەمشیدی شارمەھد» سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی «توندەر» کە لە ئەمریکاوە جڵەوکێشی کرداری چەکدارانەو تێکدەرانەی  لە ئێراندا دەکرد، لەم دواییەدا لە لایەن وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێرانەوە قۆڵبەست کرا.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٧ دا ھێرشی تەقاندنەوەی حسەینییەی «سەییدۆششۆھەدا»ی شیرازی کە بووە ھۆی شەھید بوونی چواردە کەس و بریندار بوونی  ٢١٥ کەس  لە تازیەدارانی حسەینیی ، گەڵاڵە ڕێژی کردو بەرپرسایەتییەکەشی بە ئەستۆ گرتبوو.

تاقمی تیرۆریستیی «توندەر» لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەش دا بە نیازی ئەنجام دانی چەند ھێرشێکی گەورە لەوانە تەقاندنەوەی بەنداوی «سیوەند»ی شیراز، تەقاندنەوەی بۆمباگەلی سیانووری لە پیشانگاری کتێبی تاران و تەقاندنەوەی گڵکۆی ئیمام خومەینی (رە) لە کاتی بەرپاکرانی ڕێ و ڕەسمە گشتییەکاندا بوو کە لە ئەنجامی لە سەرھەست بوونی ھێزەکانی وەزارەتی ئیتیلاعات پوچەڵ کرایەوە.

سەرپەیڤ