تشرینی یه‌که‌م 05, 2020 23:12 Asia/Tehran
  • سوتانی دارستانەکانی کالیفۆڕنیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

ئیدارەی ئاگرکوژێنەوە لە کالیفۆڕنیا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2020دا نزیکەی 17 هەزار کیلۆمەتری دووجا زەوی گرتووەتەوە، بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.

ویلایەتە پڕ دانیشتووانەکەی ئەمریکا ئەمساڵ ڕوبەڕووی پێنج لە کۆی شەش گەورە ئاگرکەوتنەوەی دارستان لە مێژوودا بووەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی گەرما و بروسکە لەمساڵدا هاوکات لەگەڵ کەشێکی وشک کە زانایانی ژینگە دەڵێن بەهۆی قەتیسبوونی پلەکانی گەرماوەیە.

ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لانیکەم 31 کەس بەهۆی ئاگرەکانی ئەمساڵەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 8454 خانوو و بیناش وێرانبوون.

ژمارەی پێوانەیی پێشوو کە کالیفۆڕنیا لەبارەی سوتانی زەوی تۆماریکردبوو، نزیکەی 9 هەزار کیلۆمەتری دووجا زەوی بووە لە ساڵی 2018دا، کە ئەو ساڵە سوتانی دارستان ویلایەتەکەی گرتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 85 هاوڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 19 هەزار بیناش لە شاری پارادایسی شاخاوی و دەوروبەری وێرانبوون.

بەدرێژایی ساڵانی 2010 تا 2017 کالیفۆڕنیا بە دەست وشکەساڵی درێژمەوداوە دەیناڵاند، کە بووە هۆی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی مێروو کە هۆکاربوون بۆ لەناوچوونی ملیۆنان درەخت.

سەرپەیڤ