تشرینی یه‌که‌م 12, 2020 09:27 Asia/Tehran
  • وڵاتانی ئەوروپا دراوێکی هاوشێوەی بتکۆین دروستدەکەن

بانکی ناوەندیی ئەوروپا ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی وتوێژی گشتی و تاقیکردنەوە، وەک هەوڵێک بۆ دەرکردنی "یۆرۆی ژمارەیی" لە 19 وڵاتەکەی ئەوروپادا.

 

هەنگاوەکە لەکاتێکدایە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پرسی دوورکەوتنەوە لە دراوی نەقدی زیاتر کردووە، لە بەرامبەریشدا بڕیاربەدەستانی سیاسی بە نیگەرانییەوە چاودێری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دراوە ئەلیکترۆنییەکانی هاوشێوەی (بیتکۆین) دەکەن.یۆرۆی ژمارەیی یان گریمانەیی وێنەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت لە دراوی یۆرۆی کاغەز و ئاسن، کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئەوروپاوە پشتیوانی دەکرێت.

لەڕێیەوە بۆ یەکەمجار ڕێگە بە تاکەکان دەدرێت ڕاستەوخۆ پارە لە بانکی ناوەندی ئەوروپا دابنێن، کە ڕێگایەکی زیاتر پارێزراوترە لە دانانی پارە لە بانکە بازرگانییەکان کە ڕووبەڕووی مایەپوچبوون دەبنەوە، یان دراوە کاغەزەکانیان هەڵگرن کە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی دزین یان لەدەستچوون ببێتەوە.

هاوشێوەی دراویش، دەتوانرێت پارێزگاری لە پارەکان بکرێت لە دەرەوەی سیستمی بانکی، بۆ نمونە لە "جزدانێکی ژمارەییدا"، کە لەڕێیەوە ڕێگە بە تاک و کۆمپانیاکان دەدرێت ڕۆژانە ئاڵوگۆری پارە بکەن بەڕێگایەکی خێرا و ئاسان و پارێزراو.

بانکەکە دوپاتیکردەوە کە "یۆرۆی ژمارەیی دەبێتە تەواوکاری دراو، بەڵام جێگەی ناگرێتەوە، دەکرێت بڕە پارە ژمارەییەکان دەربکرێت یان حەواڵە بکرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکی تۆمارە ژمێریارییەکان کە بە (بلوک چین-Blockchain) ناوسراوە، کە تۆمارێکی زانیاری گشتییە و ناتوانرێت دەستکاری بکرێت و لەلایەن دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە پشتی پێدەبەستێت".

سەرپەیڤ