تشرینی دووه‌م 29, 2020 12:16 Asia/Tehran
  • چەکدارانی بۆکۆ حەرام 43 جوتیاریان لە نەیجیریا سەربڕی

چەکدارانی گروپی توندڕۆی (بۆکۆ حەرام) لانیکەم 43 جوتیاریان سەربڕی کە لە کێڵگەیەکی برنج لە شاری مایدۆگۆری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا کاریاندەکرد، لەو ڕوداوەدا شەش جوتیاری دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری گروپێکی چەکداری بەرهەڵسکاری بۆکۆ حەرام-ەوە بڵاویکردەوە، پەلاماردەرانی گروپەکە جوتیارەکانیان بەستووەتەوە و دواتر لە گوندی کۆشۆبی سەریانبڕیوون.

لای خۆیەوە محەمەد بوخاری، سەرۆکی نەیجیریا لە بەیاننامەیەکدا “کوشتنی جوتیارانی هەژاری لەسەر دەستی تیرۆرستان” ئیدانەکرد و ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتەکەی بریندارە بەهۆی “ئەو تیرۆرە نامەعقولەوە”.

سەرکردەیەکی گروپی چەکداری باباکورا کۆلۆ وتی، “43 تەرممان دۆزییەوە، هەموویان سەربڕدرابوون، شەشی دیکەش کە برینەکانیان مەترسیدارە”.

وەک ئەوەی سەرکردەی گروپەکە باسیکردووە ، قوربانیان دانیشتووانی ویلایەتی سۆکۆتۆ-ن کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریا، بەدووری نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە شوێنی ڕوداوەکە، بۆ کارکردن ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت کەسیش لە جوتیارەکان بێسەروشوێنن کە گوماندەکرێت ڕفێندرابن.

مانگی ڕابردووش چەکدارانی بۆکۆ حەرام لە دوو هێرشی جیادا 22 جوتیاران سەربڕی کە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی مایدۆگۆری کاریاندەکرد.

چەکدارانی بۆکۆ حەرام و “ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا” هێرشەکانیان بۆ سەر جوتیار و کرێکار و شوان و ڕاوکەرانی ماسی زیادکردووە و بە “سیخوڕیکردن و گواستنەوەی زانیاری” بۆ سوپا و گروپە چەکدارەکانی بەرهەڵسکاریان تۆمەتباریان دەکەن.

لە ساڵی 2009ەوە ئەو ململانێیە بووەتە هۆی کوژرانی 36 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆنی دیکە.

 

سەرپەیڤ