تشرینی دووه‌م 25, 2015 16:45 Asia/Tehran
  • کوژرانی بەدەیان منداڵی عێراقی لە پەلاماری ئاسمانیی سوپای فەڕانسە

لە پەلامارێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی فەڕانسە بۆسەر قوتابخانەیەک لە ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ ی باکووری عێراق ، 28 قوتابیی عێراق کوژران.

هەواڵدەریی ئاڵمان لەزمان "زەنوون سەبعاوی" ، یەکێک لە ئەفسەرانی ئەرتەشی عێراقەوە ڕاپۆرتی دا کە فڕۆکە شەڕ کەرەکانی سوپای فەڕانسە ڕۆژی چوارشەممە قوتابخانەی سەرەتایی "فاتیمەی زەهرا" یان ، لە دەڤەری "ئەززەهور" ی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ بوردومان کرد ، کە لە ئاکامی ئەو پەلامارەدا 28 قوتابی کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
تەرمی قوربانییەکانی ئەو پەلامارە گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەدوای ڕوودانی پەلامارە ڕەشەکوژییەکانی پاریس ، کە گروپی ڕەشەکوژی داعش بەرپرسایەتییەکەی وە ئەستۆ گرت ، فەڕانسە پەلامارە ئاسمانییەکانی خۆی بەدژی مۆڵگەکانی داعش لە عێراق و سووریا پەرە پێ داوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرەڤانیی فەڕانسە ، فڕۆکە شەڕکەرەکانی فەڕانسە ، دوێنێ سێشەممە ناوەندێکی فەرماندەریەتی و ناوەندێکی ڕاهێنانی ڕەشەکوژەکانی داعشیان لە "تەلی عەفەر" ی هەڵکەوتوو لە 45 کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای مووسڵ بوردومان کرد.
شایانی باسە فەڕانسە و هاوپەیمانەکانی بەبێ ئەوەی مۆڵەتێک لە دیمەشق ، یان تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بۆ پەلامار کردنە سەر گروپی ڕەشەکوژیی داعش وەربگرێت ، پەلاماری ئاسمانی دەکاتە سەر تێرۆریستەکانی داعش لە نێوخۆی خاکی سووریا دا.