پەسەند کرانی یاسای لێبوردنی گشتیی لە پارلەمانی عێراق
نوێنەرانی پارلەمانی عێراق رازیی بوون بە یاسای لێبوردنی گشتیی لەو وڵاتەدا.
بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەفیزیۆنیی العراقیە ، پارلەمانتارانی عێراقیی رۆژی پێنجشەممە بە زۆرینەی دەنگەوە یاسای لێبوردنی گشتییان پەسەند کرد.
"محسن السعدون" ، سەرۆکی کۆمیسیونی مافەوانیی پارلەمانی عێراق کوتی : بە پێی ئەو یاسایە ، لێبوردنی گشتیی تەنیا شارومەندانی عێراقیی لە خۆ دەگرێتەوە و کەسانی بیانیی و عەرەبیی دەرەوەیی لە خۆ ناگرێتەوە.
ناڕازیان لە یاسای لێبوردنی گشتیی پێشتر رایانگەیاندبوو یاسای لێبوردنی گشتیی نابێ بیانوویەک بێ بۆ ئازاد کردنی تیرۆریستان و کەسانی جەنایەتکاری سەر بە پارتی هەڵوەشاوەی بەعس لە زیندانەکان.
کەناڵی العراقیە هەروەها باسی لە دەنگدان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە خالید عوبێدی ، وەزیری بەرگریی عێراق لە پارلەمانی ئەو وڵاتە کرد.
پارلەمانی عێراق 1 ی ئوتی 2016 وەڵامەکانی خالید عوبێدی لە کۆبوونەوەی پرسیار و وەڵام بە شیاو نەزانیبوو.