تشرینی یه‌که‌م 18, 2016 21:26 Asia/Tehran
  • رزگار کرانی باشووری مووسڵ لە دەستی داعش

سوپای ئێراق ناوچەگەلێک لە باشووری مووسڵی لە دەستی داگیرکەرانی تاقمی تیرۆریستیی داعش رزگار کرد .

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا ، کاربەدەستانی خۆجێیی  نەینەوا لە باکووری ئێراق ڕۆژی سێ شەممە  ڕایانگەیاند : پۆلیس و هێزی زرێیی سوپای ئێراق  گەیشتنە ناوچە ژێرکۆنترۆڵەکانی داعش لە باشووری مووسڵ .

سەعد ئەلحەدیسی  وتەبێژی دەوڵەتی ئێراقیش  بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە  رزگاری مووسڵ  هاوپێوەندە بە ڕەوتی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ، پێی داگرت : سوپای ئێراق هەوڵ دەدات مووسڵ لە خێراترین  کاتدا لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بکات.

بەرلەمە هەواڵدەریی ڕویتەرز  بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی ئێراقی وتبووی کە هێزی ئێراقی لە یەکەم  ڕۆژ لە ئۆپراسیۆنی ئازاد کردنی مووسڵ بیست  گوندیان لە دەوروبەری ئەم شارە لە دەستی داعش ئازاد کردووە.

ئۆپراسیۆنی ئازاد کردنی مووسڵ لە کاتژمێرەکانی بەرایی ڕۆژی دووشەممە دەست پێکراوە و هێزی کاردانەوەی خێراش  گەیشتووەتە شەش کیلومەتری باشوری ئەم شارە  .

شیاوی باسە هێزی ئێراقی  لە پێشکەوتن بەرەو مووسڵ لە مەودای بیست هەتا پەنجا کیلومەتری ئەم شارە دان  .

هێزی پێشمەرگەش  کە لە باکوور و باکووری  ڕۆژاوا بەرەو موسڵ چوونە  ڕایانگەیاندووە  کە هەشتا کیلومەتر لە ڕێگەی نێوان  هەولێر و مووسڵیان  بە دەستی خۆیان گرتووە و لە مەتەرێزی  ڕۆژهەڵاتیەوە ئەم ئۆپراسیۆنە  کۆنترۆڵ دەکەن .

ڕشاد گەلالی بەرپرسی باڵی یەکێتی   لە ناوچەی مەخموور  لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی خەڵک، وتی : ئۆپراسیۆنی  ئازد کردنی مووسڵ و دەشتی نەینە وا  کە لە ڕۆژی ڕابردوەوە دەستی پێکراوە، درێژەی  هەیە و سوپای ئێراق بە پێشکەوتن لە ناوچەی قیارە پازدە گوندی ئەم ناوچەیەیان  لە دەستی داعش ڕزگار کردووە.

لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنی  ئازاد کردنی شاری مووسڵ  سوپای ئێراق  زۆرتر لە سەد داعشیان لە دوو پارێزگەی سەلاحەدین و کەرکووک  کوشت  .

تاقمی میدیای شەڕی ئێراقیش  ئەمڕۆ باسی کوژرانی لانیکەم چل  ئەندامی داعش لە پەلاماری ئاسمانی سوپای ئەم وڵاتە بۆسەر مەتەرێزی ئەم تاقمە تیرۆریستییە لە ناوچەی حەراریات لە پارێزگەی سەلاحەدینی کرد  .

لەلایەکی دیکەوە تێکهەڵچوونی نێوان  سوپا و تیرۆریستەکانی داعش لە دو بەشی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی حەراریات بووەتە هۆی کوژرانی  لانیکەم  پەنجا تیرۆریست  .

پەلاماری ئاسمانی سوپای ئێراق بۆسەر بنکەی داعش لە ناوچەی حەویجە لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگەی کەرکووکیش  بووەتە هۆی کوژرانی بیست و سێ تیروریست.

ئۆپراسیۆنی مووسڵ بە بەشداری نیزیکەی شەست هەزار هێزی سوپا و پۆلیسی ئێراق بە هاوڕێیی هێزی  حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی کورد دەستپێکراوە  .