تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 08:52 Asia/Tehran
  • داوای عەبادی لە هاوپەیمانی ئەمریکی دژە داعش

سەرۆک وەزیرانی ئێراق داوای کرد لە هێزەکانی بەناو هاوپەیمانی ئەمریکی دژەداعش، پێش بگرن بەهەڵاتنی دەس و پێوەندییە تیرۆریستییەکانی داعش لە شاری موسڵ بەرەو سووریا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق دوێنێ سێ شەممە لە بەغدا وتی: هاوکات لەگەڵ دەس پێ بوونی نەبەردی بەرفراوانی سوپای ئێراق بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لەچنگ داگیرکەرانی تیرۆریستی داعش، هاوپەیمانی ئەمریکی نابێ ڕێگە بدات تیرۆریستانی داعش لە موسڵ بەرەو سوریا هەڵێن.

سەرۆک وەزیرانی ئێراق وتی: بەرپرسایەتی هاوپەیمانی ئەمریکی دژەداعش، داخستنی هەموو ڕێگاکانی هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش لەباکووری ئێراق بەرەو سوریایە.

حەیدەر عەبادی لەحاڵێکدا داوا دەکا لە هاوپەیمانی ئەمریکی پێش بگرێ بەهەڵاتنی داعش لە موسڵ کە هەواڵدەریی فەرمی نۆڤێستی لەم دواییەدا ، هەواڵی ڕێککەوتنی ئەمریکاو عەرەبستان لەسەر چوونەدەری تیرۆریستانی داعش لە موسڵ و ناردنیان بۆ سوریای ڕاگەیاندبوو.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لەشاری موسڵ، وەک پێگەی سەرەکی ڕەشەکوژانی داعش لە ئێراق لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە دەس پێ بووەو هێزە هاوبەشە ئێراقییەکان تێیدا بەشدارن.

شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە ژۆئەنی ساڵی٢٠١٤وە لەدەست داگیرکەرانی ڕەشەکوژی داعشی دایە.