تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 16:27 Asia/Tehran
  • هۆشیار زێباری: ئەبوبەکر بەغدادی هێشتا لە موسڵە

وەزیری پێشووی دارایی ئێراق وتی: ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی داعش هاوڕێی عەلی فەوزی ئەندازیاری چێکردنی بۆمب و ماددەی تەقینەوەیی ئەو گرووپە، جارێ لە شاری موسڵن.

بەپێی نووسینی ماڵپەڕی ئێراقی شەفەق نیوز، هۆشیار زێباری، ئەندامی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ چوارشەممە وتی: قۆناخی یەکەمی ئۆپراسیۆنی موسڵ بەهاوکاری حکومەتی ئێراق و هێزی پێشمەرگە، سەرکەوتووانە ئەنجامی گرت و تائێستا دە ئاوایی لە بەشی ڕۆژهەڵاتیی موسڵ ڕزگار کراوە.

ناوبراو وتی: دەس و پێوەندییەکانی داعش لەو دوو ڕۆژەدا پرژ و بڵاو بوون و چاوەڕوانی هێرش کرانەسەریان لە باکور، ڕۆژاواو ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵن.

زێباری هەروەها وتی کە لەمڕۆوە قۆناخی نوێی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵ دەس پێ بووە، بەڵام ئەو ئۆپراسیۆنە هێرشی خێرا بۆسەر شاری موسڵ نابێ، بەڵکوو هێزە ئێراقییەکان زۆر بەپارێزەوە دەجوڵێنەوە چونکە ئەو ئۆپراسیۆنە زۆر پڕمەترسییە.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە پارێزگای نەینەوا ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆریان دا کە ئەبوبەکر بەغدادی لەکاتی هەڵاتن لەناوچەی غاباتی موسڵ لە پەلامارێکی ئاسمانی گیانی بەسەلامەت دەرکرد ، ئەوە لەکاتێکدایە کە هاوڕێکانی کوژران.

هێزە هاوبەشەکانی ئێراق لەڕەوتی ئۆپراسیۆنی دوو ڕۆژی رابردوویان بەئامانجی ڕزگارکردنی شاری موسڵ-دواپێگەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ئێراق-، ٢٥ ئاواییان لە دەورووبەری ئەو شارە ڕزگار کرد.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە هەواڵی دەسپێبوونی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵی راگەیاند.