تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 17:42 Asia/Tehran
  • بۆردمانی چڕی تیرۆریستان لە باشیک و تلکێف

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە میحوەری باشیک و تلکێف و ناوەران بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی بنکە و بارەگاکانی تیرۆریستان لە نێو بەعشیقە و تلکێف کردووە و زیانی زۆر و گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە.

سەرچاوەیەک لە تلکێفەوە بە ماڵپەڕی "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە فڕۆکەکان زۆر بە چڕی بۆردمانی بنکە و بارەگاکانی تیرۆریستان لە باشیک و تلکێف و ناوەران دەکەن و هەر جموجۆڵێکی تیرۆریستان بە چڕی مووشەکی فڕۆکەکانی پێ دەگات.

هەروەها گوتی، تیرۆریستان بە تەواوی خەریکی ڕاکردن و خۆ شاردنەوەن لە ترسی فڕۆکەکان، بەگوێرەی زانیارییەکان زیانی زۆر گەورە بە تیرۆریستان گەیشتووە و کوژراو و برینداری زۆریان لێ کەوتووەتەوە.

شارەدێی باشیک دەکەوێتە 12 کیلۆمەتر باکوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەک لە عەرەب و تورکمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار کەس دەبێ و سەر بە شارۆکەی حەمدانییە و یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی دەشتی نەینەوا.

شارۆکەی تلکێف دەکەوێتە 18 کیلۆمتر باکوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحین و دواتریش کوردانی ئێزدی و عەرەبی سونە پێکهێنەری شارەکەن، بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی 35 هەزار کەس دەبێت.

رۆژی 17 تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر یەکەم هێرشی هەڵمەتی رزگارکردنەوەی مووسڵ دوای راگەیاندنی دەستپێکی شەڕەکە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجام درا، پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە بە بەشداری زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی کرد و تا نیوەڕۆ توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاک بکەنەوە.

هاوکات لە میحوەری گەیارە و گوێڕێش هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە پێشرەویان کرد و لە رێی دابەزینی ئاسمانەوە هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و دژە تیرۆری عێراق توانیان کارگەی گۆگردی میشراق کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

دوێنیش لە دووەم رۆژی هێرشی رزگارکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی عێراق لە میحوەری گەیارە و گوێڕ پێشڕەوییان کرد و توانیان ژمارەیەک گوند کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

مووسڵ دەکەوێتە 405 کیلۆمەتر باکوری بەغدا و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەکە نزیکەی دوو ملیۆن کەس بوو، لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاکردنی چوار فیرقەی سەربازی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی شارەکە کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و دوای دووساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هەڵمەت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی شارەکە دەستی پێ کرد.