شوبات 24, 2017 11:47 Asia/Tehran
  • سەرکەوتنی هێزە هاوبەشەکانی ئێراق لە ڕۆژئاوای

لەمیانەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوپاو بەسیجی جەماوەریی ئێراق ( حەشدی شەعبی) لە شاری تەلعەفەری ڕۆژئاوای موسڵ پتر لە ٥٠ تیرۆریست کوژران .

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم لە درێژەی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی ڕۆژاوی تەلەعەفەردا هێزەکانی بەسیجی جەماوەری (حەشدی شەعبی) ڕۆژی پێنجشەممە بنکەی سەربازیی غەزلانییان لە باشووری ڕۆژاوای موسڵ کە گەورەترین بنکەی تیرۆریستان لەم ناوچەیە دەهاتە ئەژمار ، خستە بن کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
هێزەکانی حەشدی شەعبی باکووری ناوچەی حەمام عەلیل لە موسڵیشیان بە تەواوەتی ئازاد کرد.
"ئەبوو زەرغام " لە فەرماندەرانی هێزەکانی تایبەتی پۆلیسی فیدراڵی ئێراق لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ئەلعالەم وتی: دەسبەجێ بە دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی فڕۆکەخانەی موسڵ، تیرۆریستانی داعش هەموو  هەڵاتن. تیرۆریستان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان لەو شەڕەدا بەکار هێنا بەڵام هێزە ئێراقییەکان توانای شەڕ و ئازاد کردنی لێواری ڕاستی مووسڵ تا چە ڕۆژی دیکەیان بە تەواوەتی هەیە.
هەروەها هێزە هاوبەشەکانی ئێراق بە یارمەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی "ڕیمان" هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای موسڵ لەگەڵ تیرۆریستان تێکهەڵچوون و توانیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ بە تەواوتی ئازاد کەن. زەبرێکی قورسیش لە هێزەکان و کەرەستەی جەنگی تیرۆریستان کەوت.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئێراقیش بنکە و مەتەرێزی تیرۆریستانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ دایە بەر پەلامار و هێڵەکانی بەرگریی ئەو تیرۆریستانیان تیا برد.
ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی میحوەری ڕۆژاوای موسڵ لە ژێر داگیرکاریی داعش یەکشەممەی ڕابردوو بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق دەست پێ بوو. مانگی ڕابردوو بەشی ڕۆژهەڵاتی موسڵ لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرا و ئاوارە ئێراقییەکان ئێستا خەریکی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەم ناوچەیەدان.