شوبات 27, 2017 11:35 Asia/Tehran
  • پەلاماری بێ ئاکامی داعش بۆسەر پارێزگەی دیالەی ئێراق

هێزە ئاسایشییەکانی ئێراق پەلاماری گرووپی ڕەشەکوژی داعشیان بۆسەر پارێزگای دیالەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بەرپەرچ دایەوە .

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئێراقی فانا؛ بەقسەی سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئێراقی، هێزەکانی سوپاو هێزە ئاسایشیەکان پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوچەی ئەلعەزیم لەباکووری باقوبە، ناوەندی پارێزگای دیالەیان بەرپەرچ دایەوەو دەیان تیرۆریستی داعشیان کوشت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی پشتیوانی و ئیمکاناتی سەربازی سوپای ئێراق بۆ ناوچەی ئەلعەزیم، ڕێوشوێنی تایبەتی ئاسایشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە دژە پەلامارێک لەو ناوچەیە ڕەچاو کراوە.

لەهەمان کاتدا، لە هێرشی هێزی ئاسمانی ئێراق بۆسەر ڕۆژاوای موسڵ دەیان کەس لە تیرۆریستانی داعش لەوان عەممار مستەفا حەسەن و ئەحمەد عساف ناسراو بە ئەبوهاجەر لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە کوژران.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی لە پارێزگای سەلاحەدینیش ڕایگەیاند، دوای پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستانی داعش بۆسەر بیرەنەوتیەکانی علاس لەڕۆژهەڵاتی تکریت، هێزەکانی پۆلیس و حەشدی شەعبیی ئێراق لە قەزای ئەلعەلەم لەگەڵیاندا کەوتنە شەڕ و پێکدادان.

گرووپی ڕەشەکوژی داعش، جار ناجارێک هێرش دەکاتەسەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیاندا نەماون هەتا ئەوان سەرلەنوێ داگیربکاتەوە بەڵام لە پەلامارگەلی دووبارەی جگە لەشکست هیچی تری دەست ناکەوێ.