ئادار 26, 2017 10:39 Asia/Tehran
  • پەرۆشی دەربڕینی جەبوری لە بارەی کوشت و بڕی کەسانی سڤیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر موسڵ

سەلیم جەبوری سەرۆکی مەجلیسی عێراق ڕۆژی شەممە لەبەر کوژرانی پتر لە سەد کەسی سڤیل لە ئەنجامی شاڵاوە ئاسمانیەکانی سەر گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای موسڵ خەم و پەیارەی دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتێدپرێس لە بەغداوە، هێزەکانی دەوڵەتی عێراق لەم بەشەی موسڵی باکووری عێراق بە توندی خەریکی پێکدادانن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دا.

جەبوری لە بابەتانەی کە لەسەر تویتێرەکەی خڵی دایناوە ، نووسیویەتی: ئەگەرچی ئێمە لەو ئەرکە قورسەی کە لە سەر شانی هێزە ڕزگاریدەرەکانە تێ دەگەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا داوایان لێ دەکەین کە لە هەمبەر پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل کەمتەرخەم نەبن.

سەرباری ئەوەی کە بە قسەی ئاسۆشێتێد پڕس، هێشتا ڕوون نییە کە ئەم هێرشانە لە لایەن کامە لایەنی تێکهەڵچووەوە ئەنجامی گرتووە، بەڵام هاوپەیمانیی سەربازیی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا پەلاماری مۆڵگەکانی داعش دەدات، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم ڕووداوانەی دەست پێ کردووە.

بە وتەی دانیشتووانی مووسڵ ، دوو پەلاماری ئاسمانی لە بەروارەکانی سیانزەو حەڤدەی مارچ بۆ سەر گەرەکە ئاوەدانەکانی ڕۆژاوای ئەم شارە ئەنجامی گرتووە. پەلامارە ئاسمانیەکانی ئەمریکا بەتایبەت بە فڕۆکەی بێ سەرنشین بووەتەهۆی کوژرانی  هەزاران کەسی سیڤیل  کە لە ڕاپۆرتەکانی سوپای ئەمریکا وەک  " زەرەرو زیانی پەراوێز" باسی کراوە . سوپای ئەمریکا دوومانگ لەمەوبەر دانی بەوەدا نا کە لە پەلاماری هەڵەی هێزە هاوپەیمانەکان لە سوریاو ئێراق لەماوەی یەکساڵی ڕابردوو نزیکەی سەد کەسی سڤیل کوژراون.

جێگای ئاماژەیە کە وەزارەتی بەرەڤانیی عێراق هێشتا لەم پەیوەندییەدا هیچ بیروڕایەکی دەرنەبڕیوە.