نیسان 24, 2017 10:34 Asia/Tehran
  • کوژرانی دەیان تیرۆریستی داعشی لە باکوری ئێراق

حەشدی شەعبی ئێراق لە دوو پارێزگای باکوری وڵاتەکەی دەیان تیرۆریستی داعشی لەنێو برد .

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆی کەناڵی ئەلعالەم، ئەرکانی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبیی ئێراق ڕایگەیاند؛ تیپی چواری حەشدی شەعبی لە باشووری شاری تەلعەفەری موسڵ، وێڕای پووچەڵ کردنەوەی پەلاماری داعش بۆسەر دوو ئاوایی کەسر مێهراب و تەل حەسانی ، سێ ئۆتۆمبیلی تیرۆریستانی سوتاندو ئۆتۆمبیلێکی بۆمب ڕێژکراو بە سەرنشینەکانی لەناوبرد.

ئەرکانی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی هەروەها ڕایگەیاند: تیپی٢٩ی حەشدی شەعبی، پەلاماری چل داعشی بە چەند ئۆتۆمبیل بۆسەر ناوچەی زاویە لەباکوری سەلاحەدینی بەرپەرچ دایەوەو بیست وپێنج کەس لەوانی کوشت.

سەرچاوەیەکی ئاسایشیش بە سومریە نیوزی وت: لە هێرشی داعش بۆسەر هێزە ئاسایشییەکانی ئێراق لە ڕۆژهەڵاتی شاری رەتەبە، نزیک سنوری سوریا، دە چەکداری ئێراقی کوژران و ٢٠ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵێکیش لە کەرکوک، سێ کەس لە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش رۆژی یەکشەممە لەباشووری کەرکوک کەوتنەداوی بەرازە دڕندەکان و تێداچوون.

سوپای ئێراق لەبارودۆخی ئێستادا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی لای ڕۆژاوای موسڵ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەشەڕدایەو پتر لەنیوەی کەرتی ڕۆژاوای موسڵیشی ڕزگار کردووە.