May 27, 2017 10:51 Asia/Tehran
  • جەعفەری: ئێراق هاوبەشی سیاسەتی دژە ئێرانی ترەمپ نابێ

وەزیری دەرەوەی ئێراق لە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەی ئا.بێ.سێی ئیسپانیا، لەبارەی برەوپێدرانی هەڵوێستی دژە ئێرانیی دۆناڵد ترەمپ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ئێراق هاوبەش نابێ لەسیاسەتی دژە ئێرانیی ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ئیبراهیم جەعفەری لەوەڵامی پرسیاری ئەو رۆژنامەیە لەمەڕ ئەوەی کە ترەمپ خوازیاری پێکهاتنی بەرەیەکی نوێ لەهەمبەر ئێراندا بووەو ئاخۆ ئێراق هاوبەشی وەها دەسپێشخەرییەک دەبێ؟ وتی: ئێراق بەشداری سیاسەتی تەوەرەیی وڵاتێک لەدژ وڵاتێکی دیکە نابێ.

ناوبراو وتیشی: خاڵ وبابەتی ڕاستی زۆر، ئێراقی لەگەڵ ئێراندا گرێداوە لەوان، جوگرافیا، مێژوو، پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بابەتی دیکەش.

جەعفەری پێی داگرت:  تاران هێرشی هیچ ناوچەیەکی ئێراقی نەکردووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە دراوسێ باکووریەکەمان(تورکیا)١١٠کیلۆمیتر هاتووەتە نێو خاکی وڵاتەکەمان و لە پێگەی باشیک(باکوری ڕۆژهەڵاتی  موسڵ) جێگیر بووە.

ئێمە ئەو دەستتێوەردانەمان ڕەت کردەوە بەڵام سەرباری ئەوەش، درێژەمان دا بە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا.

ئێراق، وڵاتێکی خاوەن شارستانیەتەو نیگای ڕەش و سپی بەرامبەر پرسەکان نییە.

جەعفەری لەو دیمانەدا کە لەپەراوێزی کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی قوربانیانی توندوتیژییە ئەتنی و مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە مەدرید بەڕێوە چوو، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لە دەورگێڕانی ئیسپانیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لەڕێی مەشق کردن بە سوپاو پۆلیسی ئەو وڵاتە وتی کە وڵاتەکەی پێویستی بەهاوبەشی زیاتری ئیسپانیا هەیە.