May 27, 2017 11:41 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی ، تیرۆریستان لەسنورەکانی ئێراق و سوریا ڕاوەدوو دەنێت

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەدری ئێراق پێی داگرت: هێزەکانی حەشدی شەعبی پاش ئامادەکردنی گەڵاڵەی تایبەتی خۆیان بۆ هەڵمەتی سەربازی، بەزوویی دەگەنە سنورە هاوبەشەکانی ئێراق لەگەڵ سوریا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، هادی ئەلعامری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەدری ئێراق رۆژی هەینی بە کەناڵی لوبنانی ئەلمەیادینی وت: هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەسنورەکانی ئێراق و سوریا و ڕاوەدونانی تیرۆریستان تەنیا لەگەڵ حکومەتی سوریا هاواهەنگ دەبن و خۆیان ڕێک دەخەن.

هادی ئەلعامری هەروەها بەئاماژە بە تاوانکاریی داعش لە ئاوایی کوجو لەباشووری شنگال وتی: لەو گوندەش بەسەدان سەرباز بەدەست داعش ئێعدام کران، بەڵام ئێستا ئاسایش جێگیرەو دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

کۆپتەرە ئێراقییەکانیش پێنج ئۆتۆمبیلی بۆمب ڕێژکراوی داعش لەباکوری ڕۆژهەڵاتی ئەلبۆعاج لە پارێزگای نەینەوایان بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە هەموو ئۆتۆمبیلەکان تێکشکێندران ولەناوبران.

لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکە ئێراقییەکان بەسەدان ڕاگەیێندراویان خستە ناوچەکانی بن کۆنترۆڵی داعش لەلای ڕاستی موسڵ و داوایان لە شارومەندان کرد لەڕێی بازگە هێمنەکانەوە خۆیان بگەیێننە هێزە ئاسایشیەکان.

ڕەشید یاروڵا فەرماندەری ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵیش داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کرد کە هێشتا لەبندەستی داعش دان بەتایبەت لەناوچە کۆنەکانی موسڵ کە خێرا ئەو ناوچەیە جێ بێڵن.

هێزە ئێراقییەکان ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی کەرتی رۆژاوای موسڵیان لە فێڤریەی٢٠١٧دا دەسپێکرد.

بەقسەی بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێراق، هۆی سست بوونی ڕەوتی پێشکەوتنی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵ ، پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی و پێش گرتن بە زیان گەیشتن بە ناوچە ئاوەدان ودامەزراوە ژێرخانییەکانە.

سەرپەیڤ