حوزه‌یران 27, 2017 08:43 Asia/Tehran
  • ڕزگار کردنی ناوچەیەکی دیکەی بەشی کۆنی شاری موسڵ

هێزە چەکدارەکانی ئێراق لە دوایین سەرکەوتنیان لە بەشی کۆنی شاری موسڵ، گەڕەکی "حی الفاروق"ـیان ڕزگار کرد.

دوابەدوای ڕزگار کرانی گەڕەکی "حی الفاروق " سەرچاوە ئێراقییەکان ڕایانگەیاند کە تەنیا چەن کیلۆمەتری چوار گۆشە لە گەڕەکی کۆنی موسڵ هێشتا هەر لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعشدا ماوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، "عەبدولغەنی  ئەسەدی" فەرماندەری ڕێکخراوی دژە تیرۆر کە هێزەکانی لە بەرەی یەکەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە بەشی کۆنی شاری موسڵدان، بە هەواڵدەریی ئەلمەعلوومەی ئێراقی وت کە هێزە ئێراقییەکان لە شەقامە سەرەکییەکانی بەشی کۆنی شاری موسڵ لە گەڕەکی "حی الفاروق " یەکیان گرتۆتەوە و تەنیا یەک گەڕەکی چکۆلە کە بەرەو لای راستی ڕووباری دجلە دەچێ، لە ژێر چنگی داعشدا ماوەتەوە.

ناوبراو پێشبینی کرد کە تا چەن ڕۆژی دیکە ڕزگار کرانی تۆکمە و تەواوی موسڵ لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش ڕادەگەیەندرێ.

کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادینیش بە پشت ڕاست کردنەوەی پێشڕەویی هێزە ئێراقییەکان لە بەشی کۆنی شاری موسڵ ڕاپۆرتی دا: هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئێراق دەستیان گرتووە بە سەر ناوەندی دەرمانیی سەرەکیی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی "باب البیض" لە باشووری بەشی کۆنی شاری موسڵ.

ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنی شاری موسڵ ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەست پێ بوو و هێزە چەکدارەکانی ئێراق توانیان ٢٤ی ژانڤییەی ٢٠١٧دا بەشی ڕۆژهەلاتی موسڵ بە تەواوەتی ڕزگار کەن ولە  ١٩ی فێڤرییەی ٢٠١٧یشەوە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنی بەشی ڕۆژاوای ئەم شارەیان دەست پێ کردووە.