ئاب 18, 2017 13:35 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی ئێراق بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرانسەریی پەسەن کرد

جێگری سەرۆک پەرلەمانی ئێراق ڕایگەیاند: پەرلەمانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەت بە هێزە چەکدارەکانی هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرانسەریی پارێزگەکان پەسەن کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ "ئارام شیخ محەممەد" جێگری دووەمی سەرۆک پەرلەمانی ئێراق؛ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەت بە هێزە چەکدارەکان پێش هەڵبژاردنی گشتی بە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕوودانی گزیکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هێنایە ئەژمار و وتی: زۆر جار ئەوە پێش هاتووە کە ئەم هێزانە لەبەر ئەوەی فەرمانیان پێدراوە بە ناچاری سەر لە نوێ لە ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگیان داوە بە لایەن و کۆتلەیەکی تایبەت.

پەرلەمانی ئێراق لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی پارێزگەکاندا بڕوایان وایە: بەڕێوەچوونی هاوکاتی هەردوو هەڵبژاردن لە یەک ڕۆژدا دەبێتە هۆی پارێزرانی زیاتری دەنگی جەماوەر.

گرینگترین تایبەتمەندیی هەڵبژاردنی نوێی ئێراق لە چاو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، بەشداریی هێزێکی سیاسی- سەربازیی نوێ لەم گۆڕەپانەدایە بە ناوی "حەشدی شەعبی".

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاری کە یەک ساڵ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بەڕێوە دەچێ، لە راستیدا پێکهێنەرو  بوارچێکەری ئەو هەڵبژاردنانە دەبێ و ئەم هەڵبژاردنەیش بە بەشداری سێ هاوپەیمانیی سەرەکیی شیعە، سوننە و کورد بەڕیوە دەچێ.

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانی ئێراق دواڕۆژانی ئەمساڵەی زایینی و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقیش ڕۆژانی سەرەتایی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوە دەچێ و ئەم ئەنجومەنانە دەسەڵاتێکی بەربڵاویان پێ دەدرێ لەوان هەڵبژاردنی پارێزگار و بەرپرسانی پارێزگاکان.

پاش پەسەن کرانی یاسای بنەڕەتیی نوێی ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، تا ئێستا سێ خولی هەڵبژاردنی سەرانسەریی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە ساڵانی ٢٠٠٦، ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و سێ خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانیش بەڕێوە چووە.

لە سیستەمی پەرلەمانیی ئێراقدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵبژاردنی دەوڵەتی و سەرۆکایەتیی دەزگەی کارگێڕیش دێتە ئەژمار.