ئاب 22, 2017 16:36 Asia/Tehran
  • هێزە ئێراقییەکان گەیشتنە تەلەعفەر

سوپای ئێراق و هێزە جەماوەریەکانی ئەو وڵاتە لە سێیەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ ڕزگارکرانی شاری تەلەعفەر، چەند شوێنێکی نوێی دەورووبەری ئەو شارەیان لەداعش سەندەوەو بە چوونە نێو شارەکە، ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنیان لە یەکەم گەڕەکەکانی تەلەعفەرەوە دەس پێ کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ ئەمڕۆ سێ شەممەو لەدرێژەی پێشڕەویی هێزە ئێراقییەکان ، ژمارێک خەندەک و تونێل لە هێڵە بەرگرییە بەراییەکانی داعش لە دەورووبەری شاری تەلەعفەر، کەوتە دەست هێزە ئێراقییەکان.

هێزە ئێراقییەکان ئێستا لە سێ میحوەری ڕۆژهەڵات، رۆژاوا و باشوور لەحاڵی پێشڕەویی بەرو شاری تەلەعفەرن و رۆژی ڕابردوو پێنج گوندیان لە لای بەرەی رۆژاوایی ڕزگار کرد.

عەبدولئەمیر یاروڵا فەرماندەری ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی تەلەعفەر، هەواڵی ڕزگارکرانی ئاواییەکانی «طشتیه»، «تل ‌السمن» و «ترمبی» لەنێو ٤٧ ئاوایی ئەو شارە، ڕاگەیاند. ناوبراو هەروەها باسی خرانەژێر کۆنترۆڵی الکسک و پاڵاوتگەی نەوتی ئەلکەسکی کرد.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان لەناوخۆی شاری تەلەعفەر ڕایانگەیاند؛ بەرپرسی ڕاکێشانی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەو شارە، بەهۆی بۆردومانی پێگەیەکی تیرۆریستان لە ناوەڕاستی شار، کوژرا.

فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئێراق توانیان ئەبووقتادە ئەلعفری بەرپرسی ڕاکێشانی دەس وپێوەندییە نوێکانی داعش لەکاتی ئامادەبوون لە یەکێک لە مۆڵگەکانی تیرۆریستان لەناوەندی تەلەعفەر بکەنە ئامانج و لەگەڵ چوار کەس لە هاوڕێکانی بیانکوژن.

ئەبوو رەزا نەججاڕ لە فەرماندەری حەشدی شەعبیی ئێراق لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە ڕزگارکرانی تەلەعفەر زۆر گرینگەو بە کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی پارێزگای نەینەوا لەچنگ گرووپی ڕەشەکوژی داعش، تۆکمە دەکرێ.

ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی تەلەعفەر سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراق دەس پێ کرا.

ناوبراو وتی کە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی تەلەعفەر بەمانای گەیشتنی هێزە ئێراقییەکان بۆ سنووری ئێراق و پچڕانی دەسڕاگەیشتنی داعش بە ناوچەکانی دەورووبەر دەبێت.