تشرینی یه‌که‌م 15, 2017 10:14 Asia/Tehran
  • چوونی کۆپتەرە سەربازییەکانی عێراق بۆ کەرکوک

دوابەدوای نەیارەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق لە مەڕ کشانەوە لە کەرکوکی باکووری عێراق ، سەرچاوە هەواڵییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە باسی چوونی 15 کۆپتەری سەربازیی سەربە حکومەتی ناوەندییان کرد بۆ ئەم شارە.

سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی مەخمورو گوێر دوێنێ ڕایگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادە باشی دان و لە کەرکوک ناکشێنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی هەواڵدەریی ئەلعالەم، کەناڵی ئیتیجا بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەش وێڕای نەیارەتی کردن لەگەڵ وشداری دانی بەغدا بۆ کشانەوە لە هەرێمە نەوتییەکانی باشووری کەرکوک ، توانایی موشەکی و بەرەڤانیی خۆیانیان لەو شارەدا بەهێز کردووە.

سەرچاوە فەرمییەکانی عێراق هەتاکو ئێستا سەبارەت بە چوونی کۆپتەرە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بۆ کەرکوک هیچیان نەدرکاندووە.

هێزەکانی سووپای عێراق هەینیی ڕابردوو بە مەبەستی سەقام گرتن لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە لەکۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە چوونە نێو ناوچەگەلێکی باشووری کەرکوکەوەو وێڕای داگرتنی ئاڵای هەرێم ئاڵای عێراقیان هەڵکرد.

بە قسەی سەرچاوە ئاسایشتییەکانی عێراق، ئەم هەنگاوە لە ئاراستەی هەوڵی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ سەپاندنی دەستەڵاتی خۆی بە سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان هەڵگیراوە.

کەرکوک لەو ناوچە هەرە گرینگانەیە کە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە کێشەیان لەسەرەو لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ناوەندی دایە.

ماوەیەک لەمەوپێش مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە بیانووی هەڕەشەی حەشدی شەعبی دژی گشتپرسیی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، کۆمەڵێک لە هێزەکانی پێشمەرگەو پەکەکەی ڕەوانەی پارێزگای کەرکوک  لە باکووری عێراق کرد.

ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی دووشەممە 25 سپتامبەری 2017  لە ئەنجامی پێداگریی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئامانجە تاکەکەسییەکانی لە ناوچەگەلێکی باکووری عێراق داگری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و ناوچە کێشە لە سەرەکان لەوانە کەرکوک و خانەقین بەڕێوەبرا کە ئەم کارە وەک پێشێلکرانی یاسای بنەڕەتیی عێراق و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لێک دەدرێتەوە.

بەرلەمە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەی وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەستنیشان کردو ڕایگەیاند، بەو مەرجەی کە هەرێم پێبەندی یاسای بنەڕەتی بێت و دەرەنجامی گشتپرسییەکە هەڵوەشێنێتەوە ئامادەیە لەگەڵ هەولێر دانوستان بکات.

 

سەرپەیڤ