تشرینی دووه‌م 17, 2017 19:48 Asia/Tehran
  • عەبادی: ئۆپراسیۆنی پاکتاوکرانی ڕۆژاوای ئێراق بەردەوام دەکرێ

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق پاش راگەیێندرانی ڕزگارکرانی بەتەواوەتی شاری ڕاوە لە ڕۆژاوای ئەنبار، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆن هەتا پاکتاوکرانی بەتەواوەتی ناوچەی جزیرە و کەرتی سنووریی ئێراق لەڕۆژاوای ئەو وڵاتە بەردەوام دەکرێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، عەبادی ڕزگارکرانی ڕاوە لە٣٤٠کیلۆمیتری ڕۆژاوای بەغداو ٢٣٠کیلۆمیتری ڕۆژاوای ڕۆمادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لەکاتی دیاریکراوداو لە کەمتر لەچەند کاژێری بەنیشانەی دەسەڵات و هێز و توانای هێزە چەکدارەکانی ئێراق زانی و وتی: ئۆپراسیۆن سەرکەوتووانەو لەچوارچێوەی بەرنامەی گەڵاڵەبۆکراو لە شەڕ هاوڕێی بووە.

عەبادی ئەو سەرکەوتنەی لە هێزە چەکدارەکان و خەڵکی ئێراق پیرۆزبایی کرد.

بەرلەوە، نزیک نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵڵا فەرماندەری ئۆپراسیۆنی سەحراو ڕاوە لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی ڕزگارکرانی بەتەواوەتی ڕاوەو شەکانەوەی ئاڵای ئێراق بەسەر بەرزایی بینا بەرزەکانی ئەو شارەی ڕاگەیاند.

دوابەدوای بەیاننامەی یاروڵڵا، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی ئێراقیش لەبەیاننامەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنە، ڕایگەیاند کە بەو سەرکەوتنە، داعش لەباری سەربازییەوە لەئێراق بەتەواوەتی کۆتایی پێهاتووە.

بەشی زۆری پارێزگای ئەنبار لە ژۆئەنی٢٠١٤وە هاوکات لەگەڵ کەوتنی مووسڵ و بەشگەلێکی شەش پارێزگای ئێراق، کەوتە دەست گرووپی تیرۆریستی تەکفیریی داعش . هەڵبەت شاری فەلووجە، دووهەم شاری پارێزگای ئەنبار و هەڵکەوتوو لە نزیک٦٠کیلۆمیتریی رۆژاوای بەغدا، لە سەرەتای ژانڤییەی٢٠١٤و دوای فیتنەی خێوەتەکانی مانگرتن لەلایەن هەندێ ڕەوتی سیاسی لەو پارێزگایە، کەوتبووە دەست داعش و ڕۆمادی ناوەندیشی لە نێوەڕاستی ساڵی٢٠١٥ لە ئۆپراسیۆنێکی گوماناوی ، داگیرکرا.

رۆمادی لە کۆتایی ساڵی٢٠١٥ ڕزگار کراو فەلووجەش لە هاوینی٢٠١٦ بەدەست هێزە ئێراقییەکان ڕزگار کرا.