کانونی دوھەم 17, 2018 16:06 Asia/Tehran
  • دوایین ئاڵوگۆڕەکانی هەڵبژاردنی عێراق

لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ناوی هاوپەیمانی و پارتە ڕێگا پێدراوەکانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بڵاو کردەوە .

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە دەرکردنی ئاگاداری نامەیەک ناوی هاوپەیمانی و پارتە ڕێگا پێدراوەکانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 22ی بانەمەڕی ساڵی 97ی کۆچیی هەتاوی  ڕاگەیاند.

لەم ئاگاداری نامەیەدا هاتووە: ئەو کۆتلە سیاسییانەی عێراق کە ناویان لە نێو پێڕستی هاوپەیمانییەکاندا نەهاتووە، دەتوانن بە شێوەی تاک و سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

بە گوێرەی ئەم ئاگاداری نامەیە کۆتلە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکانی هەڵبژاردن هەتا دەیەمی فڤڕیە دەرفەتیان هەیە کە پێڕستی ناوی پاڵێوراوەکانیان بدەن بەم لێژنەیە.

جێگای ئاماژەیە، هەڵبژاردنی عێراق بڕیار وایە ڕۆژی 22ی بانەمەڕی ساڵی 97ی کۆچیی هەتاوی لە 18 بنکەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق لەوانە ئەو ناوچانەی لەم دواییەدا لەژێر ڕکێفی داعش ڕزگار کراون، بەڕێوە بچێت.

24 ملوێن کەس لە تێکڕای پتر لە 37 ملوێن حەشیمەتی عێراق مەرجی بەشداری کردن لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2003 هەتا ئێستایان هەیە.

بە سەرنجدانی ئەوەی کە سیستێمی بەڕێوەبەرایەتیی عێراق لە سەر بنەمای پەرلەمانییە و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرانی کابینەی هاوپەیوەند بە هەڵبژاردن پەرلەمانییە، بەم پێیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە چوارساڵ جارێک لە عێراق دا بەڕێوە دەچێت، گرینگایەتییەکی زۆری هەیە.

بەم پێیەی کە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یەکەم هەڵبژاردنی دوای سەرکەوتنی تۆکمەوتەواوی عێراق بە سەر تاقمی تیرۆریستیی داعش دایە، ئەم هەڵبژاردنە بە سەرنجێکی زۆرەوە لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانەوە پێ و شوێنی دەگیردرێت و واباس دەکرێت کە ئەم هەڵبژاردنە داڕشتی سیاسیی عێراق دیاری دەکات.