کانونی دوھەم 18, 2018 10:52 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق ، یاساو کاتی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دیاری دەکات

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممە چارەنووسی یاسای ھەڵبژاردن و ھەروەھا کاتی بەڕێوە چوونی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دیاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، موحسین سەعدون نوێنەرو سەرۆکی لێژنەی مافەوانیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی لێژنەی مافەوانیی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە بە ئامادە بوونی سەرۆکی پەرلەمان و بە مەبەستی لێکدانەوەی یاسای ھەڵبژاردن پێک دێت و ئەگەر بێتو چارەنووسی ئەم یاسایە لە لێژنەی مافەوانی دا ڕوون بێتەوەو ڕێککەوتنی سیاسیی لە سەر بکرێت، بە شیمانەی زۆرەوە یاسای ھەڵبژاردن ھەر ئەمڕۆ بۆ پەسەند کردنی یەکجاریی بسپێردرێت بە پەرلەمان.

بە پەسەند کرانی یاسای ھەڵبژاردن لە پەرلەماندا ڕێگا بۆ بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لەم وڵاتەدا سانا دەکرێت.

ھەرلەم حاڵەدا عەبباس بەیاتی نوێنەری ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: ھاوپەیمانیی کۆتلەکانی عێراقی و ھەروەھا ھاوپەیمانیی کورد لە پەرلەمان کەمپینێکیان بۆ کۆکردنەوەی واژۆی نوێنەران بە مەبەستی دواخستنی ھەڵبژاردن دامەزراندووە.

لێژنەی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق ڕۆژی چوارشەممە ناوەکانی ١٤٣ پارت و ٢٧ ھاوپەیمانیی  بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ٢٠١٨ ڕاگەیاند.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بڕیارە ١٢ی مای ٢٠١٨ لە ١٨ بنکەی ھەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق دا لەوانە ئەو ناوچانەی کە لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستیی داعش ڕزگار کراون بەڕێوە دەچێت، بەڵام بڕێک لە ڕەوت و باڵە سیاسییەکانی عێراق ھەوڵی ئەوە دەدەن کە بە بیانووی جۆربەجۆر ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان پەک پێ بخەن.

24 ملوێن کەس لە تێکڕای پتر لە 37 ملوێن حەشیمەتی عێراق مەرجی بەشداری کردن لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2003 هەتا ئێستایان هەیە.

بە سەرنجدانی ئەوەی کە سیستێمی بەڕێوەبەرایەتیی عێراق لە سەر بنەمای پەرلەمانییە و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرانی کابینەی هاوپەیوەند بە هەڵبژاردن پەرلەمانییە، بەم پێیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە چوارساڵ جارێک لە عێراق دا بەڕێوە دەچێت، گرینگایەتییەکی زۆری هەیە.

بەم پێیەی کە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یەکەم هەڵبژاردنی دوای سەرکەوتنی تۆکمەوتەواوی عێراق بە سەر تاقمی تیرۆریستیی داعش دایە، ئەم هەڵبژاردنە بە سەرنجێکی زۆرەوە لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانەوە پێ و شوێنی دەگیردرێت و واباس دەکرێت کە ئەم هەڵبژاردنە داڕشتی سیاسیی عێراق دیاری دەکات.

 

سەرپەیڤ