شوبات 18, 2018 08:20 Asia/Tehran
  • وەلایەتی: پێوەندییە ستراتژیکەکانی ئێراق و ئێران بۆ داهاتووی ناوچەکە زۆر گرنگ و کارتێکەرە

راوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیی شەوی یەکشەممە لە بەغدا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران و ئێراق پێوەندییەکی ستراتژیکیان پێکەوە هەیە رایگەیاند: پێوەندییە ستراتژیکەکانی تاران _ بەغدا بۆ داهاتووی ناوچەکە گەلێک گرینگ و چارەنووس سازە.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ "عەلی ئەکبەر وەلایەتی" وتیشی: چارەنووسی ئێران و ئێراق گرێ دراوە بە یەکترییەوە و هەر لەبەر ئەوەیشە ئێران خۆی لە هیچ چەشنە هاوکارییەک لە پێناو پەرەسەندنی پێوەندییەکانی دوو وڵات نابوێرێ.

راوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیی بە ئاماژە بەوەی کە بەرگری لە ئێراق بە مانای بەرگری کردن لە ئێرانە و بە پێچەوانەی ئەو بابەتەش هەر درووستە، هیوای خواست پێوەندییەکانی دوو وڵات پتر لە رابردوو پەرە بستێنێ.

عەلی ئەکبەر وەلایەتی کە بۆ بەشداری لە کۆڕی ئێراقی یەکێتی ئیسلامی سەردانی بەغدای کردووە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ ژمارێک لە کاربەدەستان و مامۆستایانی ئایینی، کاربەدەستانی دەوڵەتی و ڕێبەرانی سیاسیی ئێڕاقی دیدار و وتووێژی کردووە.

وەلایەتی ئەمڕۆ یەکشەممەیش لە چەن کۆبوونەوەی جیاجیادا لەگەڵ ژمارێکی دیکە لە کاربەدەستانی ئێراق دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پێوەندییە دوولایەنەکان دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە.

سەرپەیڤ