نیسان 25, 2018 09:51 Asia/Tehran
  • حەیدەر عەبادی : بوردومانی بنکەکانی داعش لەنێو خاکی سوریا درێژەی دەبێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق وێڕای پێداگری لەسەر ئەمەی کە وڵاتەکەی خوازیاری دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا نییە ، وتی : وڵاتەکەی پەلاماری ئاسمانی بە دژی بنکەکانی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە نێو خاکی سوریا، درێژە پێ دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، حەیدەر عەبادی  ڕۆژی سێ شەممە لە پرێس کونفرانسێک دا لە بەغدا وتی : مەترسی گەیشتنی  تیروریستانی داعش لە سنووری سوریا بۆ نێو خاکی ئێراق هەروا لە ئارادایە و هەرلەبەر ئەمەش  بوردومانی بنکەکانی داعش لە سوریا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئێراقەوە درێژەی دەبێت و ئەگەریش  پێویست بێت  پەرەش دەستێنێ . 

سەرۆک وەزیرانی ئێراق وێڕای ئاماژەدان بە ئاڵۆزکاوبوونی قەیرانی سوریا و تێکهەڵچوونەکان لەو وڵاتە کە بووتە هۆی درێژەی  مانەوەی داعش لە سوریا، وتی : گەلی سوریا  بۆ خۆیان چارەنووسیان دیاری دەکەن.

حەیدەر عەبادی  بەرلەمەش ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی  تاقمی تیرۆریستیی داعش نەتەنیا لە ئێراق بەڵکوو لە ناوچەش ڕاوەدوو دەنێت.

دەوڵەتی ئێراق پێنج شەمەی ڕابردوو واتە نۆزدەی ئاڤریل  باسی پەلاماری فڕۆکەجەنگییەکانی ئەم وڵاتە بۆسەر بنکەکانی داعش لە نێو خاکی سوریای کرد بوو لەبەر بوونی مەترسی ئەم  تاقمە تیرۆریستییە بۆ خاکی ئێراق ئەویش لەسەر فەرمانی حەیدەر عەبادی .

سەرپەیڤ