نیسان 26, 2018 21:32 Asia/Tehran
  • مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕای خۆی لە بارەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەر دەبڕێت

ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوو جەماوەرو بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە بۆچوونەکانی لە ھەمبەر ھەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە ئاگادار دەکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ژێدەرە عێراقییەکان، حامید خەفاف بریکاری ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەرجەعیەت تێبینی و قسەی خۆی دەبێت لەسەر بابەتی هەڵبژاردنەکان.

خەفاف لە بەیاننامەیەکی کورتدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت مەرجەعیەتی باڵا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تێبینی و وتەی خۆی هەبێت سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

ئەو لێدوانەی بریکاری مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە عێراق لە کاتێکدایە کە، ڕۆژنامەی "ئەلئەخباری لوبنان"ی نزیک لە حزبوڵا لە زاری ناوەندە سیاسیەکانی عێراقەوە وای بڵاوکردووەتەوە کە، مەرجەعیەتی باڵا سورە لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو تێڕوانین و تێبینی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکی دورودرێژدا دەرببڕێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تێڕوانینەی مەرجەعیەت وەک "نەخشە ڕێگایەک" دەبێت بۆ دەنگدەران.

جێگای ئاماژەیە کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و ھەر بەم مەبەستەش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیستی نەسر لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە بۆ یەکەمجار دوای تەشەنە سەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدای پێتەخت سەردانی ئەم ناوچەیەی کردووە.

سەرپەیڤ