May 21, 2018 14:28 Asia/Tehran
  • ڕاپێچ کرانی تاقمۆکەیەکی تیرۆریستی لە موسڵی عێراق

وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەواڵە ئاسایشتییەکانی عێراق باسی ڕاپێچ کردن و لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی تاقمۆکەیەکی تیرۆریستیی کرد لە موسڵ دا .

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەھد یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەواڵە ئاسایشتییەکانی عێراق ڕایگەیاند: ھێزەکانی ھەواڵگریی سەربازیی عێراق دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد لە ھەڵمەتێکدا توانییان تاقمۆکەیەکی تیرۆریستی لە ناوچەی ( حمام العلیل) ھەڵکەوتوو لە موسڵ تەفروتونا بکەن و تەواوی ئەندامەکانی ڕاپێچ بکەن.

یەحیا ڕەسوڵ وتووشیەتی: ئەم تاقمۆکە تیرۆریستە بەتەما بووە ھێرشێکی تێکدەرانە بۆ پەلاماردانی شارومەندە بێ دەرەتانەکانی عێراق و ھێزەکانی ئاسایشتی ئەم وڵاتە ئەنجام بدات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، سەرکردایەتیی سوپای عێراق باسی تێکچوونی پیلانی تیرۆریستانی تەکفیریی کردووە لەمەڕ بەقاچاخ بردنی ئاسەوارە کەوناراییەکانی ئەم وڵاتە بۆ ھەندەران.

سەرکردایەتیی سوپای عێراق ڕاشیگەیاندووە: ئەم ئاسەوارە کەوناراییانە ھی مۆزەخانەی شاری موسڵ بوونەو ھێزەکانی ئەم وڵاتە ھۆکاری سەرەکی ئەو کردارەیان قۆڵبەست کردووە.

بە ڕاگەیەندرانی ڕزگار کرانی عێراق لە ژێر ڕکێفی تیرۆریستانی داعش، ھێزەکانی عێراق ھەروا لە سەر ھەڵمەتەکانیان بۆ پاکتاو کردنی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە لە بوونی بەرماوەکانی داعش بەردەوامن .

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان لەوانە شاری موسڵ لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق کۆتایی پێ هاتووە  بەڵام سەرباری ئەمەش ھێشتا کۆمەڵێک لە بەرماوەکانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق خۆیانیان حەشار داوەو جاروبار بە شێوەی پرژو بڵاو هێرشێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن.

 

سەرپەیڤ