May 25, 2018 16:06 Asia/Tehran
  • عێراقچی: درێژەی بەشداریی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی گرێدراوی بڕیارەکانی ئوروپایە

یاریدەری ڕامیاریی وەزیری دەرەوەو سەرۆکی ئێرانیی ناوەندی پێوشوێن گرتنی جێ بەجێ کرانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) ئەمڕۆ هەینی بەئاماژە بەوەی کە ئێران جارێ نەگەیشتووەتە ئەو بڕیارە کە ئاخۆ لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا دەمێنێتەوە یان نا ؟ وتی : درێژەی ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی گرێدراوی بڕیارەکانی ئوروپایە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی مێهر، سەید عەبباس عێراقچی بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەن، وتی: ئوروپا دەبێ بەئێران بڵێت کە گەر سزاکان بگەڕێندرێنەوە چلۆن دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێککەوتنەکە دابین بکات.

دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئەمڕۆ هەینی بەئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، بەریتانیا، ئاڵمان، فەڕانسە، چین و ڕووسیاو یاریدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لە ڤیەن، بەڕێوە دەچێ.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سێ شەممە هەشتی مای بەدووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ ئێران، چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سزاو ئابلۆقە ناڤۆکییەکان لەماوەی سێ هەتا شەش مانگی داهاتووی ڕاگەیاند.

ئەو کردەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەرفراوانی ناوخۆیی و دەرەوەیی بەرەوڕوو بوو.

بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئاڵمان ویەکێتی ئوروپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕایانگەیاند، لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داکۆکی دەکەن.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی شەوی چوارشەممە(دوێشەو) لەشیکردنەوەی مەرجە پێویستەکان بۆ درێژەدان بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئوروپییەکان، پێی داگرت: دەبێ ئوروپاییەکان بڕیارنامەیەک لەدژ ئەمریکا ببەنە ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێ بەڵێنی بدەن، پرسی مووشەک وئامادەبوونی ناوچەیی ئێران قەت نەهێننە ئاراوە، بەرەوڕووی هەرچەشنە ئابلۆقەیەکی ئەمریکا دژ بە ئێران ببنەوە، دەبێ کڕینی نەوت لە ئێرانیش بەڕادەی پێویستی ئێران دەستەبەر بکەن و بانکە ئوروپییەکانیش دەبێ لەبارەی وەرگرتن و دانی پارەو دراڤ بۆ تیجارەتی دەوڵەتی و تایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی گەرەنتی بکەن.