حوزه‌یران 20, 2018 01:48 Asia/Tehran
  • ھاوپەیمانیی نەسر حەوتەی داھاتوو کۆبوونەوەکەی بەڕێوە دەبات

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر، خەریکی ئامادەکارییەکی گەورەیە بۆ سازدانی کۆبونەوەیەکی بەرفراوان.

ھاوپەیمانیی نەسر ڕایگەیاندووە: ئەو کۆبونەوە نیشتیمانییەی کە حەیدەرعەبادی داوای سازدانی کردبوو، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە، حسێن عادلی، وتەبێژی فەرمیی ھاوپەیمانی نەسر، ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی فەرمیی ئەلعێراقییەی ڕاگەیاند: ئەو کۆبونەوە نیشتیمانییەی کە حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر، بەرلە جێژن بەڵێنی دابوو، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەڕێوە دەچێت و سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی عێراقیش پێشوازییان کردووە لە سازدانی ئەو کۆبونەوەیە.

بە قسەی ناوبراو ، ئێستاکە ئامادەکاریی گەورە دەکرێت بۆ سازدانی ئەو کۆبونەوەیە کە بڕیارە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوە بچێت.

وتەبێژی فەرمیی ھاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی کۆبونەوەکە بریتیە لە ڕێککەوتن لەسەر پرنسیپە گشتییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە قۆناغی داھاتوو. وەک باسیشی دەکرێت ، کۆبونەوەکە نزیکەی ١٠ لیستی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکان لەخۆدەگرێت و لەکۆبونەوەکەدا باسی مەسەلەی تانەکان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ ی پەرلەمانی عێراق ناکرێت، چونکو ئەوە دۆسیەیەکی یاساییەو یەکلایی کردنەوەی تانەکان بەس لە دەسەڵاتی دادوەری دایە. 

شەشی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ی دەرکرد، بەپێی یاساکە کۆمسیۆنی لەکارخست و ئەنجامی ھەڵبژاردنی تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە، ھەروەھا جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان بە رێژەی سەدا ١٠٠ لە یاساکەدا جێگیرکردووە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسرپێنجشەممەی رابردوو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دا روو لە گەلی عێراق گوتی : عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەم بەینە بۆ جارێکی دیکە رووبەڕووی کێشەی ئاسایشی بووەتەوە .

ئاماژەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەو قەیرانەیە کە دوای هەڵبژارنی پەرلەمانیی 12ی ئایار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەندێ پارێزگا و ناوچەی ئەم وڵاتەدا بەدی هات .

بە دوای تاوسەندنی ئەم قەیرانە ، پەرلەمانی عێراق بە واژۆکراوێک خوازیاری ژماردنەوەی بە دەستی دەنگەکان بوو بەڵام دوو رۆژ بەر لە کاتی یاساییی دەسپێکی ژماردنەوە ،  کۆگایەکی گەورەی ڕاگرتنی سندوقەکانی دەنگدان لە ناوچەی رەسافەی شاری بەغدا لە ئاگردا سووتا .

سەرپەیڤ