ته‌مووز 17, 2018 20:06 Asia/Tehran
  • وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: هیچ هێزێکمان لە کەرکوک و خورماتوو نەکشاندووەتەوە

عەمید یەحیا زوبێدی، وتەبێژی هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ هێزێکیان لە کەرکوک و خورماتوو نەکشاندووەتەوە بۆ ئەو پارێزگایانەی باشووری عێراق کە خۆپیشاندانی تێدابەڕێوەچوو، چونکە هێزی پێویست لەناوچەکانی باشوردا هەن.

بە پێی راپۆری کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە سەرچاوە کوردیەکانی هەرێمی کوردستان ، عەمید یەحیا زوبێدی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچەکانی باشوری عێراق بە دەنگی ئەمەریکا-ی راگەیاندووە، "داواکاری خۆپیشاندەران ڕەوایە فەرمانمان پێ کراوە بەهیچ جۆرێک تەقە یا ئازاری خۆپیشاندەر نەدەین، بەپێچەوانەوە لەم خۆپیشاندانانە ئەرکمان پاراستنی سەر و سامانی هاوڵاتیانە".لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە کەرکوک و خورماتوو بۆ ئەو پارێزگایانەی خۆپیشاندانیان تێدایە عەمید یەحیا زوبێدی وتی، "هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نیە، ئەو بڕیارە ڕاست نییە، یەکە سەربازیەکانمان ئێستا لە کەرکوک و شوێنەکانی تردا هەن، هیچ بڕیارێک نیە بۆ کشانەوەی ئەو یەکە سەربازیانەمان، لە ناوچەکانی باشور یەکەی تەواوی سەربازیمان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سیستم پێویست بەکشانەوەی هێز ناکات لەشوێنەکانی تر".وتەکانی وتەبێژی هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کاتێکدایە شەممەی رابردوو هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی بەرپەچدانەوەی خێرا لە کەرکوک و خورماتوو و بردنیان بەرەو ئەو پارێزگایانەی خۆپیشاندان تێیدا بەڕێوەدەچێت بڵاوکرایەوە. عەمید یەحیا زوبێدی جەختیکردەوە، "هیچ بڕیارێکمان نیە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان نە ‌لە کەرکوک نە لە خورماتوو، یەکەکانمان لەوێن، ئەرکیان پاراستنی هەموو هاوڵاتیانە بەهەموو نەتەوە و مەزهەبەکانیەوە، وە بۆ دڵنیایی هەمووان لە ئێستادا هەموو یەکە سەربازییەکانمان لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوکن، هیچ جوڵیەکیان بە ئاڕاستەی کشانەوە پێ نەکراوە".هەروەها وتیشی، "بەشێوازی جددی و پیشەیی و بەڕێزەوە مامەڵە دەکەین بۆ کۆتایی هێنان بەو ناڕەزایەتیانە، هەروەک چەند بڕیارێک دراوە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و بڕێک پارە تەرخان کراوە بۆ چاککردنەوەی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبا، واتە هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن حکومەتەوە بە ئاڕاستەی دابین کردنی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان لەو خزمەتگوزارییانە".