لێبوردنخوازیی بەرپرسێکی باڵای عێراق لە جەماوەری وڵاتەکەی
ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکات .
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە میانی وتارێکدا ڕایگەیاند: سەرقاڵى کێشمەکێشى ناوخۆ بووین و گەلمان بە برسێتى بەجێهێشت و دەبێت دان بەوەدا بنێین و من یەکەم کەسم دان بەوەدا دەنێم کە کەمتەرخەم بووم بەرامبەر گەلى خۆم و داوای لێبوردن دەکەم لەهەموو کەمتەرخەمییەک.
ئەم بەرپرسە باڵایەی عێراق داوای لە هەموو کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکەشی کرد کە دان بەو راستییەدا بنێن پێش ئەوەى ناچار بکرێن بەدانپێدانان و ئینجا ڕاشیگەیاند: با پرۆسەى سیاسى راست بکەینەوە، یەکەمجار بەدانپێدانان و دووەم دروستکردنى حکومەتێکى خزمەتگوزار.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئەوەشی خستەڕوو کە پشوودرێژیی گەلی عێراق ماوەیەکی زۆری خایاندووە بەڵام ئەوان نەیانتوانیوە چاکسازی لەناو خۆیاندا دروست بکەن.
ناوبراو جەختیشی کرد: خەڵک دوو پەیامیان بۆ ئێمە نارد، یەکەمیان بە بەشدارى کردنێکی نیوچڵ لەهەڵبژاردنەکان و دووەم بە خۆپیشاندان و دیارە ئەمەش دەبێ لۆژیکانە لێک بدرێتەوە نەک ئەوەی کە پا بدرێت بە بەرماوەکانی ڕژێمی بەعسەوە.
ئەم لێدوانەی هادی عامری لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو هەفتەیە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمیی ئاو و کارەبا خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانى باشورى عێراق سەری هەڵداوەو بەردەوامیشە.