ئاب 14, 2018 19:39 Asia/Tehran
  • داکۆکیی خەڵکی مووسڵی ئێراق لە هێزەکانی حەشدی شەعبی

دانیشتووانی شاری مووسڵ لەباکووری ئێراق ئەمڕۆ سێ شەممە بەخۆپێشاندان لەبەردەم بینای پارێزگاریی نەینەوا، ناڕەزایەتیان دەربڕی بە بڕیاردان لەسەر چوونەدەری هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو شارە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی ئاڵاکانی ئێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، ڕێزیان گرت لە دەور و ڕۆڵی ئەو هێزانە لە بەرگریی کردن لە ئاسایشی مووسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرماڵەکانیان.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەژمارێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراق، دەقی نامەیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا، فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، بۆ چوونەدەری هێزەکانی حەشدی شەعبی لەپارێزگای نەینەوا دەرکراوە.

لەو نامەدا داوا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرابوو لەهەموو ناوچەکانی سەربەپارێزگای نەینەواو مووسڵ بچنە دەر. حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، هەواڵی چوونەدەری هێزەکانی ڕاست نییەو هێزەکانی حەشدی شەعبی خەریکی دووبارە جێگیربوون لەهەندێ ناوچەن.

یەکشەممەی ڕابردووش سەدان کەس لە خەڵکی تکریت لە پارێزگای سەلاحەدین(باکووری ئێراق) نەیارەتیان کرد لەگەڵ بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاریی سەلاحەدین لەمەڕ چوونەدەری هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایەو بەسازدانی خۆپێشاندان خوازیاری مانەوەی ئەو هێزانە لەو پارێزگایە بوون.

سەرپەیڤ