ئاب 17, 2018 18:48 Asia/Tehran
  • نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق: جەھل و نەزانی نەخۆشییەکی مەترسیدارترە لە نەخۆشییەکانی جەستە

ئەحمەد سافی نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق له شاری کەربەلا ڕایگەیاند: دەبێ ئاستی کۆمەڵگە لەڕووی زانست و ئاینییەوە بەرزبکرێتەوە ، ئەگینا جەھل و نەزانی نەخۆشییەکی مەترسیدارترە لە نەخۆشییەکانی جەستە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، ئەحمەد سافی نوێنەری ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق ، لە وتاری نوێژی ھەینیی ئەمڕۆی شاری کەربەلادا  جەختی کرد: دەبێ ئاستی کۆمەڵگە لەڕووی زانست و ئاینییەوە بەرزبکرێتەوە و ئاماژەی بەوەش کردکە جەھل و  نەزانی نەخۆشییەکی مەترسیدارترە لە نەخۆشییەکانی جەستە.

نوێنەری ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی له شاری کەربەلا وتیشی: فێرکردن بەلای کەمەوە بەشێک لە پارێزبەندی دروست دەکات، چونکە دەبێتە ھۆی ڕوون بوونی ئاسۆی تێڕوانینەکان و ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی دیاریکراویش بێت، ڕێگردەبێت لەوەی کە لەڕێگەی ڕاست لابدات".

ئەحمەد سافی ئاماژەی بەوەش کرد: جەھل و نەزانی نەخۆشییەکی مەترسیدارترە لە نەخۆشییەکانی جەستە و هۆکارێکیشە بۆ تێکدان و پاڵ پێوەنانی مرۆڤ بەرەو وێرانی و لەنێوچوون.

ئەحمەد سافی نوێنەری ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لە بەشێکی تری وتارەکەی نوێژی ھەینیی کەربەلادا ئەوەشی  ڕوون کردەوە کە: نەزانین حاڵەتێکە کە هەمیشە لە بۆسەدایە لە هەر کۆمەڵگەیەکی گەورە و بچوکدا، ئەگەر سەرۆکی خێزان نەزان بێت ئەوە دیارە ئەو خێزانە ناگەیەنێتە کەناری ئارامی، بە دڵنیاییەوە ھەتا بازنەی ئەو نەزانیەش فراوانتر بێت کاریگەرییەکەی گەورەتر و وێرانکەرتر دەبێت، بۆیە دەبێت مرۆڤ لە سەرچاوە باوەڕپێکراو و متمانەپێکراوەکانەوە خۆی فێربکات و فێربکرێت.

سەرپەیڤ