بەرهەم ساڵح بوو بە بەربژێری سەرۆک کۆماریی ئێراق
یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ چوارشەم بەرهەم ساڵح"ی ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئێراقی وەک تەنیا بەربژێری ئەو یەکێتییە ناساند بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە .
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "شوان داوودی" ئەندامی پلەبەرزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق لەلێدوانێکی بەهەواڵدەریی "ئەلئیتجاە پرێس"ی ئێراقی وت کە دەستەی سەرۆکایەتی یەکێتی لەدانیشتنی تایبەتی ئەمڕۆ چوارشەممەی خۆی، ناوی بەرهەم ساڵحی بەفەرمی وەک بەربژێری ئەو یەکێتییە بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێراق هێنایەئاراوە.
بەپێی نەریتێکی باوی سیاسی نەنسراو لەنێوان پارت و لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە ئێراق، پۆستی سەرۆک کۆماریی لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو پاش ڕووخانی رژیمی سەددام، پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق بووە ، تائێستا خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی دوو خول و فواد مەعسووم خولێک لە پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێراقدا بوون و بەرهەم ساڵح سێهەم کەسایەتی سیاسییە کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی دەبێتە بەربژێری ئەو پۆستە گرینگە لەئێراق.
هەواڵدەریی "الغد پرس" ی ئێراقیش ئەمڕۆ چوارشەممە بەگێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی کورد ڕایگەیاندووە کە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیەکێتی نیشتمانی ڕاگەیاندووە، بێتوو بەرهەم ساڵح ببێتە بەربژێری سەرۆک کۆماری، پارتی دیموکراتیش بەربژێرێکی خۆی وەک بەربژێری خەنیمی بەرهەم ساڵح دەناسێنێ. ئەو هەواڵدەرییە وتوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە کە پارتی دیموکرات، فازڵ میرانی لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەو پارتە وەک خەنیمی بەرهەم ساڵح بناسێنێ.