تشرینی یه‌که‌م 03, 2018 00:14 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق دیاری کرا

دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرەنجام دوای گێرەو کێشەیەکی زۆر پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراقی بردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) لە دوای ئامادەبوونى ڕێژەى یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنى پەرلەمانى عێراق  بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەستیپێکرد. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە  زیاتر لە ٣٠٠ پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ئامادە بوون و بەمجۆرە دانیشتنەکە بە شێوەی فەرمیانە دەستی پێکرد.

 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاری کردنی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە ھەل و مەرجێکدا بوو کە ھەردووک پارتی دەستەڵاتداری کورد لە عێراق دا کە پۆستی سەرۆک کۆمارەتییان بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانی کۆبوونەوەکانیان لە بەغداد بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید شکستی هێنا و هەردوولا بە کاندیدی خۆیان بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیى نوێی عێراقیان کرد.

لەم پرۆسەیەدا بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانی و فۆئاد حسەین وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ بەدەست ھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق بەرەوڕووی یەکتر بوونەوە و لەئەنجام دا لە دەنگدانی  خولی دووەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی  سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرکەوتنی بە دەست هێناو توانی بە ٢١٩ دەنگی پەرلەمانتاران  پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەی بەدەست بھێنێت.

لە دەنگدانەکەدا فوئاد حسین بەربژاری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و خەنیمی بەرھەم ساڵح بە ٢٢ دەنگی ئەرێ و ٢٤دەنگی پوچەڵ و ٧ دەنگی سپی لە ھەمبەر کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی عێراق شکستی ھێناو .

بەرهەم ساڵح لە خولی یەکەمی دەنگدانی پۆستی سەرۆک کۆماردا توانی ١٦٥ دەنگ بە دەست بهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە فوئاد حسین لە خولی یەکەمدا ٨٩ دەنگی پەرلەمانتارانی بە دەست هێنا بوو.

سەرپەیڤ