تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 11:40 Asia/Tehran
  • فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا باکووری ئێراقیان بۆردومان کردت

ئەرکانی گشتی سوپای تورکیا شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا باسی پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر ناوچەی "زاب" لە پارێزگای کەرکووک لە باکووری ئێراقی کرد.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ؛ ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا بانگەشەی کرد فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم وڵاتە حەشارگەکانی بنعەرد و هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگیی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە)ی لە ناوچەی "زاب" بۆردومان کردووە.

تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە زەبر و زیانی شیمانەیی ئەم پەلامارە بڵاو نەبۆتەوە.

پەلاماری ئاسمانی و تۆپخانەیی تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ئێراق دوابەدوای بنپێ کرانی پەیمانی ئاگربڕی  نێوان ئانکارا و پەکەکە لە ژولایی ٢٠١٥ دەست پێ بۆتەوە. ئەو پەلامارانە بەرەوڕووی کاردانەوەی دەوڵەتی ئێراق بۆتەوە.

پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا دێسەمبەری ٢٠١٢ دەست پێ بوو بەڵام دوابەدوای تەقینەوەکەی ژولایی ٢٠١٥ لە شاری سوروچ ڕاگیردرا. پاش ئەوە سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە دەستیان کردەوە بە پەلاماردانی بنکەو مەتەرێزەکانی یەکتری. بە پێی ڕیژە و ئاماری بڵاو کراوە لەم ماوەیەدا، لانیکەم هەزار سەربازی تورکیا و نزیکەی حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە کوژراون.