تشرینی دووه‌م 13, 2018 11:15 Asia/Tehran
  • ھێرشێکی تیرۆریستی لە ڕۆژئاوای عێراق ٩ کوژراوی لێ کەوتەوە

تیرۆریستان وێڕای پەلاماردانی ناوچە مەدەنییەکان لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق ٩ کەسیان کوشت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا،سەرچاوە ئاسایشتییەکان لە عێراق دا ڕایانگەیاندووە: تیرۆریستان ڕۆژی دووشەممە بە پەلاماردانی چەند ماڵێک لە نزیکی ڕۆمادی لە پارێزگای ڕۆژئاوای ئەنبار   ، نۆ عێراقی لەوانە ئەندامێکی باڵای ھێزەکانی حەشدی شەعبییان کوشت.

لەم ھێرشەدا کۆمەڵێک لە خەڵکی سڤیلیش بریندار بوون. پۆلیس باسی لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم ھێرشەو پێ و شوێن گرتنی ھۆکارەکانی کردووە.

بەرلەمە،ھێزە ئاسایشتی و جەماوەرییەکانی عێراق توانی بوویان شەش کەس لە ئەندامانی تاقمێکی تیرۆریستیی چالاک لە بواری بۆمب دانان لە پارێزگای ئەنبار بکوژن.

پارێزگای ئەنبار لەپاش پاک کرانەوەی لە تیرۆریستانی داعش لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە، شایەتی سەقام و ئاسایشتێکی دەگمەن بووە، بەڵام سەرباری تێکشکانی تیرۆریستان لە عێراق دا، کەچی ھێشتا کۆمەڵێک لە بەرماوەکانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق خۆیانیان حەشار داوەو جاروبار بە شێوەی پرژو بڵاو هێرشێکی تێکدەرانە دژی خەڵکی سڤیل و ھێزەکانی ئاسایشت ئەنجام دەدەن.

عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکشەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ سەرکردەو فەرماندەرانی ئاسایشتی و سەربازی و ھەواڵگریی ئەم وڵاتە پێی داگرت بوو کە بۆچوونی تەکفیری ھەروا لە ئارادایەو ھەوڵی سڕینەوەی ئەم جۆرە ئەندێشەو بۆچوونانە دەبێ بەردەوام بێت.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. دوابەدوای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لە ئێران کرد ھەتا لە خەباتی دژی تیرۆریزم یارمەتیی بەغدا بدات. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویانە زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکان لەوانە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق وەکوو دوایین بنکەی داعش لەو وڵاتەدا ڕزگار بکەن . بە ڕزگار کرانی یەکجاریی ئەم پارێزگایە لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا تەواو بووە.