تشرینی دووه‌م 15, 2018 12:34 Asia/Tehran
  • سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەمەریکی: عێراق بەنیازە سیستەمی S400ی رووسی بکڕێت

سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، چەندان وڵات نیازی کڕینی سیستەمی S400ی رووسییان هەیە، عێراق یەکێکە لەوان، ئەمەش دژی هۆشدارییەکانی ئەمەریکایە لە کڕینی چەکی رووسی.

رۆژی  پێنجشەمە 15ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، کەناڵی "CNBC"ی ئەمەریکی لە سەرچاوەیەکی هەواڵگری وڵاتەکەی گواستەوە کە 13 وڵات هەوڵی کڕینی سیستەمی S400ی رووسی دەدەن، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، ئەمەش پێچەوانە و دژە بە هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەرانبەر بەو وڵاتانەی ویستی کڕینی چەکی رووسییان هەیە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە جگە لە عێراق، ئەوا عەرەبستانی سعوودیە و قەتەڕ و مەغریبیش لەو وڵاتە عەرەبییانەن کە دەیانەوێ دەستیان بگات بەو سیستەمە پێشکەوتووە رووسییە.

ئەمەریکا بەگوێرەی یاسایەکی تایبەت بە خۆی بەناوی "رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لە رێی سەپاندنی سزا" کە ناسراوە بە یاسای "CAATSA"، گوشار دەخاتە سەر هەر وڵاتێک چەکی رووسی بکڕێت، بەتایبەت هەردوو سیستەمی S400 و S300، هەر وڵاتێک ئەو سیستەمە بکڕێت، ئەوا ئەگەری زۆرە سزای لەسەر بسەپێنرێت.

دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا رێنوێنی دەدەنە وڵاتان کە بەرانبەر بە چەکی رووسی ئەوا چەکی ئەمەریکی بکڕن، بەگوێرەی زانیارییەکانیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا توانیویەتی دەیان گرێبەستی کڕینی چەکی رووسی هەڵوەشێنێتەوە کە بەهاکەی ملیاران دۆلار بووە.

 ئەگەرچی ئەمەریکا گوشاری توند دەکاتە سەر وڵاتان، بەڵام هیندستان و تورکیا و چین گوێیان بە ئەمەریکا نەداوە و گرێبەستی کڕینی سیستەمەکەیان کردووە.