کانونی دوھەم 01, 2019 10:27 Asia/Tehran
  • چوونی لەشکریانی ئەمریکی لە خاکی سووریاوە بۆ عێراق

دەستەیەکی دیکە لە لەشکریانی ئەمریکی دوای ھەڵاتن لە خاکی سووریا، خۆیانیان گەیاندە عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، کاروانی لەشکریانی ئەمریکی داگری ١٢٠ ترۆمبیلی زرێدارو گەڵابە گەییشتنە بنکەیەکی ھەڵکەوتوو لە نزیکی ھەرێمی کوردستانی عێراق.   

دوای ڕاگەیاندکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ١٩ی دیسامبەر لەمەڕ کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە خاکی سووریا بە بانگەشەی ساویلکانەی وەدی ھاتنی ئامانجەکانی واشێنگتۆن لەمەڕ شکاندنی تیرۆریستانی داعش ، کۆمەڵێکی زۆر لەو ھێزانە گەییشتنە بنکەی عەینولئەسەد ھەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنباری عێراق.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٢٦ی دیسامبەر تاریکەشەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراوو لەناکاودا گەییشتە بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق و چاوی بە لەشکریانی وڵاتەکەی کەوت و ڕایگەیاند: بە تەما نییە لەشکریانی ئەمریکیی سەقامگرتووی عێراق لەو وڵاتە بباتە دەرەوە.

ئەو قسانەی ترەمپ شەپۆلی ناڕەزامەندی و ڕق و بێزاریی لایەن و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی عێراق و لەوانە پەرلەمانتارانی ئەم وڵاتەی لێ کەوتەوەو ئەم بابەتەیان وەک پێشێلکردنی سەروەری و دەستەڵاتی عێراق لێکدایەوە.

لەشکریانی ئەمریکی لە قەواخی بەشێک لە ھاوپەیمانیی بەناو دژی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە عێراق دا جێگیرن.

دوای شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش و سەندرانەوەی دواین بنکەکانی نێوشاریان لە ساڵی ٢٠١٧، سیاسەتڤانانی عێراقی لە مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە وڵاتەکەیاندا ناڕازین و بە ئاشکرا داوای کشانەوەی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەکەن.

 

سەرپەیڤ