کانونی دوھەم 28, 2019 14:51 Asia/Tehran
  • ئەمریکا بە ھاوکاریی کورد لە ھەوڵی قۆڵبەست کردنی ئەبوبەکر بەغدادی دایە

بەرپرسێکی پایەبەرزی سوپای عێراق باسی چوونی ھێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە بۆ خاکی سووریای کردووە بە مەبەستی قۆڵبەست کردنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئەمڕۆی جمھوریی ئیسلامی بە گێڕانەوە لە بڵاوکراوەیەکی عەرەبی زمانی ھەرێمی کەنداوی فارسەوە،بەرپرسێکی پایەبەرزی سوپای عێراق باسی چوونی ھێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە بۆ خاکی سووریای کردووە بە مەبەستی قۆڵبەست کردنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش. ئەم بەرپرسە پایەبەرزەی سوپای عێراق کە نەیویستووە ناوەکەی لەقاو بدرێت ڕاشیگەیاندووە: ھێزەکانی ئەمریکی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو بە ھاریکاریی کۆمەڵێک چەکداری کورد لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو خاکی سووریاو وەک باسی دەکرێت ئەم ھەنگاوەی ئەمریکا لە پاش ئەوە دێت کە ھێندێک زانیارییان پێ گەییشتووە سەبارەت بە خۆحەشاردانی  ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش لە ناوچەیەکی سەربە پارێزگای دێرۆزووری سووریا.

وەک لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، ناوچەی باس کراو ڕێک لە گردوپەری دێرۆزوورو لە نێوان ناوچەی باغوز و موراشیدە لە باشوورەوەو، سەفنانە لە ڕۆژئاواو سارای بوکەمال لە ڕۆژھەڵات دا ھەڵکەوتووە.

بە پێی ئەم سەرچاوەیە، ئەم ھێزە تایبەتییەی ئەمریکا بە شیمانەی زۆرەوە ھەر ئەو گروپەن کە کاتی خۆی ھەڵیانکوتایە سەر ئوسامە بن لادەنی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و لەنێویان برد. جێگای ئاماژەیە ئەو ھێزانەی ئەمریکی لە بنکەیەکی سەربازیی شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستاندا مۆڵ درا بوون و ھەر لەو ناوچەیەشەوە کنەیان کردووەتە نێو خاکی سووریاوە. وەک باسی دەکرێت گوایە سوپای ئەمریکا بە نیازە ئەبوبەکر بەغدادیی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش بە زیندوویی بگرێت و لەوانەیە ئەم ھەنگاوەش ھاوپەیوەند بێت بە ھەوڵەکانی ئەم دواییەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ مسۆگەر کردنی دەستکەوتێک بۆ خۆی پێش لە کشاندنەوەی ھێزەکانی لە خاکی سووریا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ١٩ی دیسامبەری ٢٠١٨ لە یادداشتێکی توییتێڕی دا بە بانگەشەی ساویلکانەی وەدی ھاتنی ئامانجەکانی واشێنگتۆن لەمەڕ شکاندنی تیرۆریستانی داعش ، فەرمانی ھەڵاتنی ھێزەکانی ئەمریکی لە خاکی سووریای دەرکرد.

ئەمریکا چەندین ساڵە بە بیانووی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی وبە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی سووریا ھێزەکانی لەم وڵاتەدا مۆڵ داوە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی دیمەشق گەلێک جار ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکا لە سووریایان وەک داگیرکاری لێک داوەتەوەو ئیدانەیان کردووە.

سەرپەیڤ