ئادار 12, 2019 09:53 Asia/Tehran
  • پێداگریی ڕۆحانی لە سەر خەباتی دژ بە تیرۆریزم لە دیداری نوێنەرانی پارتە ئێراقییەکاندا

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیداری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئێراقدا وتی: هێشتا بۆ گەیشتن بە ئاسایش و پاوەجێی تۆکمە و تەواو لە ناوچە و بنەبڕ کردنی تیرۆریزم ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە.

حەسەن رۆحانی کە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێراقی لە سەروی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابوورییەوە سەردانی بەغدای کردووە شەوی سێشەممە لە دیداری نوێنەرای پارت و کۆتلە سیاسییەکانی ئێراق وتی: وێرای دەسکەوتە گرینگەکانی ئێراق لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم،  ئەم خەباتە کۆتایی نەهاتووە و ئێرانیش هەر وەک جاران پشتیوانی ئێراقە لە ڕێگای بنەبڕ کردنی تیرۆریزمدا.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە  پەسن دانەوەی خۆڕاگریی گەل و سوپای ئێراق لە هەمبەر تیرۆریستان وتیشی: لەو ڕۆژانەیدا کە ژمارێک لە وڵاتان بزە لە سەر لێو پێیان وابوو خەڵکی ئێراق بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش شکست دێنن، گەلی ئێران هاوڕێ و پشتیوانی خەڵکی ئێراق بوون و توانیمان پێکەوە گەورەترین شکست بە سەر تیرۆریستان داسەپێنین.

ڕۆحانی وتیشی: بەختەوەرانە  ئەمڕۆکە پاوەجێی و ئاسایش لە ئێراق دەبینین و خۆشحاڵین کە دیموکراسییەکی زۆر باش لەم وڵاتەدا هەیە و هەموو پارتەکان بۆ داهاتووی ئێراق هەوڵ دەدەن.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: پێشوازی هەموو پارت و گرووپە سیاسییەکانی دوو وڵات لە پەرە سەندنی پێوەندیی هەمە لایەنەی نێوان ئێران و  ئێراق نیشان دەدات کە دوو گەل هیچ ناکۆکییەکیان نییە لەسەر پەرەسەندنی زیاتر لە ڕابردووی هاوکارییەکان  و دەتوانین ئەو ڕێگایە بۆ دەسڕاگەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ ناوچەکە درێژە پێ بدەین.

لەو دیدارەدا نوێنەرانی پارتەکان و گرووپە سیاسییەکانی ئێراق بە یەکدەنگی بایکۆتە زاڵمانە و نایاساییەکانی دژ بە ئێرانیان ڕەت کردەوە و هاوڕێیەتی و پشتیوانی خۆیان لەگەڵ ئێران لەهەمبەر بایکۆتەکان راگەیاند.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە سەفەرێکی سێ ڕۆژەدا گەیشتە بەغدا و لە لایەن "بەرهەم ساڵح" هاوتای ئێراقیی خۆی پێشوازی لێ کرا.

ڕۆحانی هەروەها دووشەممە لە کۆشکی سەرۆک وەزیرانی ئێراق لەگەڵ "عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق سەبارەت بە پرسەکانی دڵخوازی دوولایەن بەتایبەت ڕێگاکانی قووڵتر کردنەوەی پێوەندییەکانی دوو وڵات دیدار و وتووێژی کرد.