ئادار 18, 2019 07:54 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە شەنگاڵ

ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رایدەگەیەنێت کە نۆ گۆڕی تری بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە و بەوەیش ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو شارە گەیشتووەتە 76، هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند کە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوام دەبن.

 

بە پێی راپۆرتی  ماڵپەڕی کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە " وشە " ،  ڕۆژی یەکشەم فاتن حلفی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و لیژنەی ئاشکراکردنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و نوێنەری کۆمسیۆنەکە لە تیمی بەشدار لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی ئێزیدی لە گوندی کۆجۆ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە تا ئەمڕۆ تەنیا یەک گۆڕ هەڵدراوەتەوە و تا سێ ڕۆژیتر بەردەوام دەبێت.  

زیاتر گوتی، کۆی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال دەگاتە 76 گۆڕ لە دوای دۆزینەوەی نۆ گۆڕی تر لە ماوەی دواییدا و ئاماژەی کرد، بەپێی قسەی تاکە شایەتی رووداوەکە دەبێت لە گۆڕی ژمارە یەک 15 تەرمی قوربانیان هەبێت کە بە دەستی داعش شەهیدکراون.

لای خۆیەوە فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی نەینەوا ئەمڕۆ یەکشەم رای گەیاند کە تا ئێستە یەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال هەڵدراوەتەوە و دووپاتی کردەوە کە کارکردنی بۆ هەڵدانەوەی هەموو گۆڕەکانیتر بەردەوام دەبێت.

شایەنی باسە هەینی رابردوو بە سەرپەرشتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لە رێوڕەسمێکی شایستە، لەلایەن فەرمانگەی پزیشکی داد بە هاوکاری تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و لیژنەی نێودەوڵەتی کاروباری ونبووان و دەزگای شەهید و بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و کاروباری گۆڕە بە کۆمەڵەکان، یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ سەر بە شارۆکەی شنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا هەڵدرایەوە.