ئادار 22, 2019 18:01 Asia/Tehran
  • ناڕازییانی توڕە بەریان گرت بە سەردانی بەرهەم ساڵح لە شوێنی ڕووداوەکەی موسڵ

ناڕازییانی توڕە لە موسڵ بەریان گرت بە سەردانی سەرۆک کۆماری عێراق لە شوێنی وەرگەڕانی بەلەم لە ڕووباری دیجلەو ئۆتۆمبیلی پارێزگاری نەینەواشیان بەردەباران کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، پەیامنێری ئەلئەخبارییە ڕایگەیاند کە ژمارێک لە خەڵکی پارێزگای نەینەوا لەباکوری عێراق ئەمڕۆ هەینی بۆ دەربرینی توڕەیی خۆیان لەبەر گیان لەدەستدانی نزیک بە سەت کەس لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمی هەڵگری ئەوان لە ڕووباری دیجلەو هەروەها داوای سزادانی هەموو هۆکارانی ئەو ڕووداوە مەرگهێنە، لە دوورگەی گەشتیاریی "ام الربیعین" لە شاری موسڵ، ناوەندی ئەو پارێزگا سنوریە ، گردبوونەوە.

پەیامنێری ئەلئەخبارییە لەوبارەوە ڕاپۆری دا، نارازییانی توڕە لە موسڵ وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە بەرپرسان، ڕێگەیان نەدا بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی هەڵگری بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کە بچێتە شوێنی ڕووداوەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە وتووێژ لەگەڵ شەفەق نیوز لەو بارەوە پێی داگرت، ناڕازییانی توڕە لە موسڵ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو ڕووداوە، جگە لە دانی دروشم بەدژ سەرۆک کۆماری عێراق، بە تێگرتنی بەرد پەلاماری کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی هەڵگری "نوفل العاکوب"ی پارێزگاری نەینەواش.

بەقسەی ئەو سەرچاوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەبووە، ناڕازییانی موسڵ کە ژمارێک لەوان کەس وکاری قوربانیانی بەلەمە نوقم بووەکە بوون، جگە لەوەی ئۆتۆمبیلی هەڵگری پارێزگای نەینەوایان گەمارۆ داو بەردەبارانیان کرد، لەدژ گەندەڵیی بەرپرسانیش دروشمیان دا.

لەهەمان کاتدا، بەغداد ئەلیەومیش لەزمان سەرچاوەیەکی ئاسایشی گێڕایەوە کە نارازییانی توڕە لەموسڵ، کاروانی ئۆتۆمبیلی "ئەلعاکوب" لە شوێنی ڕووداوەکەی موسڵیان بەردەباران کردو پاشانیش ئۆتۆمبیلی هەڵگری ناوبراو لەکاتی جێهێشتنی شوێنی ڕووداوەکە، خۆی کێشا بە خەڵکی نارازی و بوو بەهۆی برینداربوونیان.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرهەم ساڵح بە هەڵوەشاندنی بەرنامە نەورۆزیەکانی لە شاری سلێمانی، بەرەو شاری موسڵ وەڕێ کەوتبوو هەتا ڕووداوی نوقم بوونی بەلەم لە ڕووباری دیجلە لەنزیکەوە پێوشوێن بگرێ.

سەرۆک کۆماری عێراق پیشتریش لە پەیامێکدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ کەس وکاری قوربانیانی ڕووداوی موسڵ و خەڵکی ئەو وڵاتە، خوازیاری پێوشوێن گیرانی ئەو ڕووداوەو ناسێندرانی هۆکار و سەبەبکارەکەی ببوو.