ئادار 23, 2019 16:58 Asia/Tehran
  • سازکرانی گۆڕستانێکی تایبەت بە تەرمی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال

لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شنگال"ی ئێراق بڕیار درا گۆڕستانێکی تایبەت بۆ ناشتنی تەرمی ئەو کوردە ئێزدیانە ساز بکرێ کە بڕیارە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال دەرهێنرێنەوە .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەری کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز، لە دانیشتنێکدا کە لەهۆڵی لالش هەڵکەوتوو لە ناوچەی "خانە سۆر"ی سەربە شنگال لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شنگال بەڕێوە چوو، پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال و ئەو تەرمانەی لەو گۆڕانەدا هەیە، تاووتوێ کرا.

لەو دانیشتنەدا بڕیاردرا گۆڕستانێکی تایبەت لە شنگال دروست بکرێ بۆ بەخاک سپاردن و ناشتنی تەرمی کوردانی ئێزدی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال دەردەهێنرێنەوە.

گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال تەرمی ژنان، پیاوان و منداڵانی بێتاوانی ئێزدی لەخۆدەگرن کە لە پەلاماری داعش بۆسەر شنگال لەساڵی٢٠١٤ بەدەست ترۆریستانی ئەو گرووپە قەڵاچۆ کراون و لەو گۆڕانەدا نێژراون.

تائێستا ژمارێکی زۆر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەناوچە جیاجیاکانی شنگال دۆزراونەوەو ئامارێک لەوبارەوە ڕادەگەیێندرێ کە لە هەشتا بۆ ٢٧٠ گۆڕی بەکۆمەڵ جیاوازە.

لەڕۆژانی رابردووشدا شاندێکی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەچاودێریی بەرپرسانی خۆجێی، دەستی کردووە بەهەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال بۆ بەدێکۆمێنتاری کردنی سەنەدو بەڵگەکانی نێو ئەو گۆڕانەو دیاریکرانی شووناسی تەرمەکان و لەداهاتوودا ئەو کارە بۆ هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی لە شنگال ئەنجام دەدرێ.