ئادار 23, 2019 19:52 Asia/Tehran
  • دەستەی باڵا بۆ سەرژمێری گشتیی راگەیەنرا

وەزارەتی پلاندانانی عێراقی؛ دەستەی باڵای سەرژمێری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری راگەیاند کە بڕیارە لە بەهاری 2020 لە سەرانسەری عێراق ئەنجام بدرێت.

بە پێی راپۆری ماڵپەڕی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەریم ، "عەبدولزەهرە هنداوی " گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان روونکردنەوەی لەسەر ئەندامانی دەستەکە دا و ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ سیاسەتی دانیشتووان، دەزگای ناوەندی بۆ ئامار، نوێنەرێک یان دوو لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکیان سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەندامانی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق دەبن.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەرکی دەستەکە داڕشتنی پلانێکی گشتگیرە بۆ سەرژمێری و پلاندانان بەگوێرەی قۆناغە جیاوازەکان و پێویستییەکانی لە رووی دارایی و توانای مرۆیی بۆ هەموو سێکتەرەکان بە جیاواز".

جێی باسە دوا سەرژمێری لە عێراق ساڵی 1997 لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعس ئەنجام درابێ بەشداری هەرێمی کوردستان تێیدا، هەروەها پرسی سەرژمێری کۆمەڵێک کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلا دەکاتەوە بەتایبەت پرسی پشکی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق کە هەموو ساڵێک مشتومڕی لەسەر دەکرێت، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی کوردستانیش دەکرێت سوودی لێ وەربگرێت.