پەرلەمانتارێکی پارتی: سبەینێ دەنگ بە دەرکرانی پەکەکە لە شنگال دەدەین
ئەندام پارلەمانێکی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە:هێزەکانى پەکەکە لایەنى عێراقی نین و بوونیان لە شنگال نایاساییە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، ئەندامێکی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەربە لە فراکسیۆنى پارتى ڕایگەیاندووە، سبەینێ یەکشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر دەرکردنى هێزەکانى پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە قەزاى شنگال دەدات.
شیروان جەمال پەرلەمانتارى فراکسیۆنى سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند،"هێزەکانى پەکەکە لایەنى عێراقی نین و بوونیان لە شنگال نایاساییە"
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: سبەینێ لە دانیشتنەکەى پەرلەماندا هاوکات لەگەڵ دەنگدان لەسەر دورخستنەوەى پارێزگارى نەینەوا و جێگرەکەى لە پۆستەکەیان دەنگ لەسەر دەرکردنى هێزەکانى پەکەکە لەشنگال و ئەو ملیشیایانەش کە لە پارێزگاى نەینەوادا بڵاوەیان پێکراوە، دەدرێت.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێرڕاق ڕوونیشیکردووەتەوە کە، پێشنیارەکەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەى دورخستنەوەى پارێزگارى نەینەوا و جێگرەکەى لە پۆستەکەیان بەهۆى ڕووداوەکەى موسڵەوە گەیشتووەتە پەرلەمان و سبەینێش دەنگی لەسەر دەدرێت.
شیروان جەمال پەرلەمانتارى فراکسیۆنى سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئاماژەى بەوەش کردووە کە، لیژنەى لێکۆڵینەوەى پەرلەمانى بۆ ڕوداوەکەى نەینەوا لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەبارەى پێشنیارەکەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەى گەندەڵى ئیدارى و دارایی و کەمتەرخەمییەکان کردووە لە پارێزگاکەدا.
ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا و لەکاتێکدا کە خەڵک بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو لە شاری موسڵ، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا بە دەیان سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە گەشتیارییەکەی نەینەوادا خنکان گەیشتووەتە زیاتر لە سەدە کەس و، تا ئێستا بە دەیان کەس بێسەروشوێنن.
جێگای ئاماژەیە ھەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی ھەینیش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانێکی دیوانیی دەرکرد بۆ پێکهێنرانی شانەی قەیران لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارەکان لە پارێزگاکە، ھەتا ئەو کاتەی کە ئەنجومەنی پارێزگا لە بەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمە گەشتیارییەکە بڕیارێکی تازە دەربکات.