پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەکەی دوور خرایەوە
پەرلەمانی عێراق "نوفل حەمادی عاگوب"ی پارێزگاری نەینەواو ھەردوو جێگرەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستنەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی دوای ڕووداوەکەی مووسڵ، لەسەر پێشنیازی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە پۆستەکەی لادا.
دوای ئەوەی عادل عەبدولھەدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەکەی دایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەیان درا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دا، گفتوگۆی لەبارەی رووداوی نقوم بوونی بەلەمەکەی مووسڵ کردووە کە زیاتر لە 100 کەس بەوھۆیەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیێکی دیکەش بێسەروشوێن بوون. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند دەبێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و لایەنە کەمتەرخەمەکان سزا بدرێن.
پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە کە مافی کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی مووسڵە کە سکاڵا دژی لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار بکەن.
رۆژی پێنجشهممه، 21ی ئادار/ مارسی 2019، بهلهمێکی پهڕاندنهوهی گهشتیاران له دوورگهی گهشتیاری باکووری رۆژئاوای مووسڵ، که دهکهوێته سهر رووباری دیجله نقوم بوو و بههۆیهوه نزیکهی 100 کهس گیانییان لهدهستدا و تا ئێستاش ژمارهیێک گهشتیار بێسهروشوێنن، که زۆربهیان ژن و منداڵن.