ئادار 25, 2019 13:51 Asia/Tehran
  • داعش هێرشی کردە سەر کێڵگەیێکی نەوتی پارێزگای سەڵاحەدین

نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەوتی باکوور ڕایگەیاند داعش هێرشی کردۆتە سەر کێڵگەیێکی نەوتی پارێزگای سەڵاحەدین.

نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەوتی باکوور لە بارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی عەلاس لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند هێزە ئەمنییەکان بەتوندی وەڵامی هێرشەکەی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە و ژمارەیێکیان کوشتوون و بریندار کردوون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەوتی باکوور تێکشاندنی ئەو هێرشەی چەکدارانی داعشی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی عەلاس لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕاگەیاند و  لە بەیاننامەیێکدا نووسیویەتی: "فەوجی پۆلیسی نەوتی تایبەت بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی سەڵاحەدین، هێرشێکی چەکدارانی داعشی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی عەلاس لە پارێزگای سەڵاحەدین تێکشکاند".

بەپێی راگەیێندراوەکە، "هێزە ئەمنییەکان بەتوندی وەڵامی هێرشەکەی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە و ژمارەیێکیان کوشتوون و بریندار کردوون و ئەوانی دیکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و بریندارەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردوون".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لیوای 21ی تۆپهاوێژ و لیوای 88 فەوجی دووی سەربە حەشدی شەعبی لە تێکشکاندنی هێرشەکەدا بەشدار بوون".