May 16, 2019 16:27 Asia/Tehran
  • تێکھەڵچوونی نێوان لایەنگرانی ئێستاو ڕابردووی ڕەوتی سەدر

تێکھەڵچوونی نێوان لایەنگرانی ئێستاو ڕابردووی ڕەوتی سەدری عێراق لە نەجەفی پیرۆز، لانیکەم بیست کوژراوو برینداری لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، دوابەدوای پێکدادانی شەوی پێنج شەممە لە بەردەم ناوەندی بازرگانیی بەشیر لە نەجەف، لایەنگرانی ئێستاو ڕابردووی ڕەوتی سەدر چەکی گەرمیان بەکار ھێنا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چوار کەس لە لایەنگرانی ئێستای موقتەدا سەدر کوژران و ١٤کەسی دیکەش بریندار بوونەو دوو کەس لە لایەنگرانی پێشووی سەرۆکی ڕەوتی سەدریش بریندار بوونە.

تێکھەڵچوونی نێوان لایەنگرانی ئێستای موقتەداسەدر لەگەڵ لایەنگرانی ڕابردووی ئەم مامۆستا ئایینییە عێراقییە بە بیانووی خەباتی دژی گەندەڵیی لایەنگرانی پێشووی سەدر ئەنجامی گرتووە.

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری عێراق سێ ڕۆژ لەمەوبەر لایەنگرانی خۆی بۆ خەباتی دژی گەندەڵیی ئابووری بانگ کرد. سەرچاوە ھەواڵییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە تێکھەڵچوون لە نەجەف ھەروا بەردەوامەو لایەنگرانی سەدر لە بەغدای پێتەختی عێراقیش خۆیان بۆ پێکدادان ئامادە کردووە.

مەکتەبی سیاسیی ڕەوتی سەدری عێراق شەوی پێنج شەممە داوای لە سەرۆک وەزیران و دامەزراوەی دادەڤانیی وڵاتەکەی کرد کە لەگەڵ ئەوانەی وا تەقەیان لە خۆپیشانداران کردووە بە توندی بجوڵێتەوە.

ھەر لەم حاڵەدا سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان وایان بڵاو کردووەتەوە کە ناوەندی بازرگانیی بەشیری نەجەف بە تەواوی سووتاوە.

سەرپەیڤ